ئه‌مساڵ قەیرانی ئابووری و کۆرۆنا رەنگی جەژنی کاڵکردەوە


دوای یه‌ك مانگ له‌ خۆگرتنه‌وه‌ له‌ خواردنه‌وه‌ی ئاو و خۆراك، جه‌ژنی ره‌مه‌زان ده‌ست پێ ده‌كات و چەرەزات و شیرینی یه‌كێك له‌ دیارترین بابەتەکانی جەژنن کە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان لە رۆژانی جەژندا بەسەر یەکتری دابەشی دەکەن و چه‌ند رۆژێك پێش هاتنی جه‌ژن، هاووڵاتییان ده‌ستده‌كه‌ن به‌ كڕینی شیرینی و چه‌ره‌زات و دوكانه‌كان به‌رده‌وام جمه‌یان دێت، به‌ڵام ئه‌مساڵ به‌هۆی بوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا، راگه‌یاندنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له‌ رۆژانی جه‌ژن و خراپی دۆخی هاووڵاتییان به‌هۆی وه‌رنه‌گرتنی مووچه‌كانییانه‌وه‌، وایكردووه‌ كه‌ بازاڕ سست بێت و خه‌ڵك كه‌متر ئاماده‌كاری بۆ ئه‌م جه‌ژنه‌ بكات، چه‌ره‌زات فرۆش و شیرینی فرۆشه‌كانیش له‌ دۆخه‌كه‌ ناڕازین و ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ نرخه‌كانیان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زاندووه‌، به‌ڵام هێشتا بازاڕه‌كه‌یان سست و لاوازه‌.

چه‌ره‌زات فرۆشێك ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ بڕیاری قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ، راسته‌وخۆ كاریگه‌ری كردووه‌ته‌ سه‌ر بازاڕ و ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو خه‌ڵك پێشووتر فستق و گازۆیان ده‌برده‌وه‌ ماڵه‌وه‌ بۆ جه‌ژن، به‌ڵام ئه‌مساڵ گوله‌به‌ڕۆژه‌ ده‌به‌نه‌وه‌.

چه‌ره‌زات فرۆش، محەمەد نەجات سه‌باره‌ت به‌ جیاوازی ئه‌م جه‌ژنه‌ له‌چاو ساڵانی پێشووتر، وتی: ''ئه‌مساڵ بازاڕەکە زۆر جیاوازە و ھۆکارەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنایه‌، ئێستاش بەھۆی ئەو ڤایرۆسه‌وه‌ قەدەغەی ھاتوچۆ راگەیەندراوە، ئه‌م بڕیاره‌ راسته‌وخۆ كاریگه‌ری لەسەر بازاڕ کردووە، بۆ نموونە ئێستا کەسێک ھاتووە دەڵێت مادام رۆژانی جه‌ژن میوانم نایەت، پێویست ناكات فستق و گازۆ بكڕم و له‌به‌رامبه‌ردا گولەبەڕۆژە دەکڕێت، هه‌روه‌ها باری دارایی خه‌ڵكیش خراپه‌ به‌هۆی نه‌بوونی مووچه‌وه‌ ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر دۆخی بازاڕ كردووه''‌.

شیرینی فرۆشێكیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ساڵانی رابردوو له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی ره‌مه‌زاندا خه‌ڵك ته‌واوی پێداویستییه‌كانییان بۆ جه‌ژن ده‌كڕی، به‌ڵام ئه‌مساڵ تا ئێستا بازاڕ سسته‌ و خه‌ڵك ئاماده‌كاری كه‌متر بۆ جه‌ژن ده‌كات.

شیرینی فرۆش، سامان وتی: ''ئەم جەژنە جیاوازی زۆرە بەھۆی قەیرانی ئابووری و نەبوونی مووچە، زۆربەی خەڵک داھاتی کەمبووە کاسبکار و خاوەن پیشەکانیش به‌هه‌مانشێوه‌، بۆیە ھەست بە سستی بازاڕ ده‌كه‌ین، چونكه‌ پێشتر لە ناوەڕاستی مانگی رەمەزاندا بازاڕ قەرەباڵغییه‌كی به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینی، بەڵام ئێستا سەیر دەکەین خەڵکێکی کەمتر دێت و زیاتر چوکلات و چەرەز ده‌كڕن سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش نرخه‌كان ته‌واو دابه‌زیوون''.

چه‌ره‌زات فرۆشێكی دیكه‌ ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو كه‌ به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دۆخی ئابووری جیهان، نرخی چه‌ره‌زاتیش دابه‌زیووه‌ به‌جۆرێك له‌ یه‌ك تۆن فستقدا سێ هه‌زار دۆلار دابه‌زیووه‌.
چه‌ره‌زات فرۆش، ئەرکان ھەڵەبجەیی وتی: ''ئەمساڵ بەبۆنەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بازاڕ ساردی پێوە دیارە، سەرەڕای ئەوەش، راگه‌یاندنی قەدەغەی ھاتوچۆ کاریگەریی له‌سه‌ر دۆخی بازاڕ ھەیە، ھەر بۆیەش رێژەی کڕیارەکانمان دابەزیووە، هه‌روه‌ها خه‌ڵك دۆخی دارایی خراپه‌ و پاره‌ی نییه‌، هه‌ر بۆیه‌ش سه‌یری بازاڕ ده‌كه‌ین چۆڵتره‌ له‌چاو ساڵانی پێشووتر''.

ئه‌ركان هه‌ڵه‌بجه‌یی وتیشی: ''به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌، نرخی بابه‌ته‌كانیش دابه‌زیوون به‌جۆرێك نرخی یه‌ك تۆن فستق له‌ نۆ هه‌زار دۆلاره‌وه‌ دابه‌زیووه‌ بۆ شه‌ش هه‌زار و ٥٠٠ دۆلار، ئێمه‌یش نرخه‌كانمان دابه‌زاندووه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌م بارودۆخه‌وه‌ش رێژەی كڕیاره‌كانمان سه‌دا ٣٠ كه‌می كردووه''‌.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ به‌هۆی رێگه‌گرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ماوه‌ی ٧٢ كاتژمێر قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی راگه‌یاندووه‌ و بڕیاره‌كه‌ش له‌ یه‌كه‌مین رۆژی جه‌ژنی ره‌مه‌زان جێبه‌جێ ده‌كرێت و به‌مهۆیه‌وه‌ش خه‌ڵك كه‌متر ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ به‌شداریكردن له‌ جه‌ژنی ره‌مه‌زاندا.


PM:06:18:21/05/2020




ئه‌م بابه‌ته 169 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌