"زیاتر لە ۲۳ ملیۆن و ٥۰۰ هەزار دۆلار كۆمەكی دارایی بۆ هه‌رێم كۆكراوەتەوە"

سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی و دارایی لەئەنجوومەنی وەزیران ڕایده‌گەیه‌نێت، بەخشینی پارە تائێستا بەردەوامە و ۲۳ ملیۆن ٥۷۰ هەزار دۆلار كۆكراوەتەوە.

ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌ 13 ی ئایاری 2020 ساناو فەرەیدون، سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی و دارایی لەئەنجومەنی وەزیران لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سەبارەت بە بەخشینەكان حكومەت بڕیاریدابوو دوو بۆرد پێكبهێنێت یەكێكیان بۆردی كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكاری، هەروەها بۆردی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیكردن و بەڕێوەبردنی خۆراك بوو.

سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی و دارایی لەئەنجومەنی وەزیران ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، دیارە بۆردی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیكردن و بەڕێوەبردنی خۆراك دوای وەرگرتنی خۆراك و دابەشكردنی ئەركەكەی كۆتایی پێدێت و ئەركەكەشی بریتی بوو لە چوار ئامانجی سەرەكی ئەویش كۆنتڕۆڵكردنی كۆگاكانی حكومەت و كەرتی تایبەت لەهەبوونی خۆراك كە بەردەوامیش داتاو زانیاریمان لابوو، لەهەمانكاتدا توانیمان نرخ كۆنتڕۆڵ بكەین لەبازاڕ لەڕێگای لیژنە لاوەكیەكان و ئاسانكاری كردنیش بۆ بازرگانان و دابەشكردنی ئەو خۆراكەشی كە لەبەغداوە دەهات وەك بەشە خۆراك.

ساناو فەرەیدون باسی له‌وه‌ش كرد، لەلایەن بۆردەكەوە خۆراكی پێویست كڕاوە تاوەكو لەهەرێمی كوردستان بەسەر ۲۰۰ هەزار خێزان دابەشبكرێت.

ناوبراو لەباری كۆمەكی دارایی و چۆنیەتی خەرجكردنی ووتی، كۆمەكی دارایی پڕۆسەیەكی بەردەوامە و تائێستاش ۲۳ ملیۆن ٥۷۰ هەزار دۆلار كۆكراوەتەوە، لەم بڕە پارەیە ۱۰ ملیۆن و ٥٦هەزار دۆلار بۆ دابینكردنی خۆراك تەرخاكراوە، ۱۳ ملیۆن و ٥۱۳ هەزار دۆلار بۆ كڕینی دەرمان و پێداویستی تەندروستی پزیشكی خەرج دەكرێت و بڕی پارەكەش بەردەوام لەزیادبووندایە چونكە پڕۆسەكە بەردەوامە.


PM:11:10:13/05/2020




ئه‌م بابه‌ته 115 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو‌