١١ ناوچەی پیشەسازیی لە هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت

 دەستەی وەبەرهێنان ڕایدەگەیەنێت، لە هەرێمی کوردستان ١١ ناوچەی پیشەسازیی دەکرێنەوە، کە سێ هەزار کارگەی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت.
 
محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان  لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: لە ئێستادا نەخشەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان ئامادەیە و بەپیی پلانەکە، هەزار و ٥٥ پرۆژەی وەبەرهێنان دەخەینەڕوو.

محەمەد شوکری، وتیشی: لە پلانەكەی ئێمەدا ١١ ناوچەی پیشەسازیی لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان دروست دەكرێن، كە بەسەر یەكەوە نزیكەی ٣ هەزار كارگەی جۆراوجۆری پیشەسازی لە خۆی دەگرێت، ئەوەش بەسەریەكەوە ٢٠٠ هەزار دەفەرتی كار دەڕەخسێنێت.

وتیشی: هەرێمی كوردستان پێویستی بە سەرچاوەی جیاوازی دارایی هەیە، بەتایبەتی دەبێت كەرتی وەبەرهێنان كاری زیاتری لەسەر بكرێت، ئەوەیشی كە جێبەجێ دەكرێت لە ماوەی ٢ ساڵی داهاتوو زۆربەی هەرە زۆری پێویستییەكانمان لەناوخۆمان دابین بكەین و بەرهەمانیشمان بۆ دەرەوە هەناردە بكەین، چونکە ئێستا تەنها ١٢٠ كارگەی پیشەسازی لە كوردستان كاردەكەن و جگە لەوەی بەرهەمەكانیان لە كوردستان ساغ دەكەنەوە بەشێكی زۆریشی بۆ دەرەوە هەناردە دەكرێن.

ئاماژەی بەوەش كرد، كە ئەو پرۆژانەی لە پلانەكەدا هەیە زۆربەیان لە  كەرتی پیشەسازیین كە ٤٦١ پرۆژەی پێشنیازكراوە، هەروەها كەرتی كشتوكاڵییش ١١٣پڕۆژەی بەردەكەوێت و كەرتی گەشتوگوازریش ٢٢٧ پڕۆژەی دیكە و تەندروستییش ١٦٢ پڕۆژەی بەردەكەوێت، ئەوانی تریش چەند سێكتەرێكی دیكە لەخۆی دەگرێت.


PM:09:49:07/05/2020




ئه‌م بابه‌ته 989 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌