گەشتە ئاسمانییەكانی توركیا لە مانگی داهاتوەوە دەستپێدەكەنەوە


هێڵی ئاسمانی توركیا ناسراو بە توركیش ئێرلاین، رایگەیاند: لە مانگی داهاتوەوە گەشتە ئاسمانییەكانیان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە دەستپێدەكەنەوە و پلانی گەشتەكانیشی بۆ سێ مانگی داهاتو بڵاوكردەوە.

 هێڵی ئاسمانی تورکش ئێرلاین کە لە ماوەی رابردودا بڕیاریدا بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گەشتەکانی ناوخۆی تورکیا تا ٢٠ی ئایار و گەشتەکانی دەرەوەی وڵات تا ٢٨ی ئایار رابگرێت، پلانی گەشتەکانی بۆ مانگی حوزەیران، تەمموز و ئاب ئامادەکرد.

بەپێی پلانەکە تورکش ئێرلاین لە مانگی حوزەیراندا گەشتەکانی ناوخۆی تورکیا دەستپێدەکاتەوەو هەنگاو بە هەنگاویش گەشتەکانی دەرەوەی وڵات رێکدەخاتەوە.

هەر بەگوێرەی پلانەكە لە مانگی حوزەیراندا ٧٥ گەشت بۆ ١٩ وڵاتی جیاواز ئەنجامدەدرێن کە بریتین لە، کەنەدا، کازاخسان، ئەفغانستان، ژاپۆن، چین، کۆریای باشور، سەنگاپور، دانیمارک، سوید، نەرویج، ئەڵمانیا، نەمسا، هۆڵەندا، بەلجیکا، بیلاڕوس، جۆرجیا، لوبنان، کوێت، ئیسرائیل.

ژمارەی گەشتەکان لە مانگی تەمموزدا بۆ ٥٧٢ گەشت بۆ ٧٤ وڵات و لە مانگی ئابدا بۆ ٩٣٧ گەشت بۆ ٩٨ وڵات زیاد دەکات.



PM:01:52:06/05/2020




ئه‌م بابه‌ته 448 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌