نرخی‌ نەوت لەبازاڕەكانی‌ جیهان بەرزبووەوە


ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویكردەوە، نرخی نەوت بۆ ئەمڕۆ سێ شەممە، 5ی‌ ئایاری 2020 بەرزبوونەوەیەكی دیكەی تۆمار كردووە، بەشێوەیەك نرخی‌ نەوتی برێنت بە 28 دۆلار و 31 سەنت لە بازاڕەكانی جیهان مامەڵەی پێوەكراوە و هاوكات نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی ئەمریكیش بە 21 دۆلارو 66 سەنت مامەڵەی پێوەكراوە.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەكاتێكدایە، ژمارەیەك لەو وڵاتانەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا سەرجەم كەرتە پیشەسازی و بازرگانییەكانیان وەستاندبوو، بەڵام لە ئێستادا و بەهۆی كەمبوونەوەی مەترسییەكانی كۆرۆنا، بەشێك لە چالاكییە ئابوورییەكانیان دەستپێكردووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، زۆرینەی كارگە و كەرتە بەرهەمهێنەرەكان داخران و پەكیان كەوت، هەربۆیە خواست لەسەر بەكارهێنان و كڕینی نەوت كەمبووەوە، ئەمەش بووە هۆی دابەزینی نرخی نەوت جیهانی و ئەو وڵاتانەی پشت بە بەرهەمی نەوت دەبەستن تووشی زیانێكی زۆر بوون.


AM:10:32:05/05/2020




ئه‌م بابه‌ته 183 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌