وەزیری بازرگانی‌و پیشەسازی حكومەتی هەرێم سوپاسی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی‌و سەرۆكەكەی دەكات


وەزیری بازرگانی‌و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان، کەمال موسلیم لەسەردانێکیدا بۆ ژوری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی، سوپاس‌و دەستخۆشی لەسیروان محەمەد-ی سەرۆکی ژوور دەکات کە بەردەوام کاری کردوە بۆ ئەوەی لەم بارە لەناكاوەی كوردستانی گرتوەتەوە بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆرسی کۆرۆناوە، هەمو پێداویستییە سەرەکییەکان لەبازاڕدا بۆ هاوڵاتیان دەستەبەر بێت.

ئەمڕۆ دوشەممە 30 / 3، وەزیری بازرگانی‌و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی گفتۆگۆكردن دەربارەی رەوشی بازاڕ‌و پێداویستییەكانی هاوڵاتیان، سەردانی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی كردو لەلایەن سیروان محەمەد، سەرۆكی ژورەوە پێشوازی لێكرا.

 وەزیری بازرگانی‌و پیشەسازی حكومەتی هەرێم بەگەرمی سوپاس‌و دەستخۆشی لەسەرۆكی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی كرد كە رۆڵی کاراو گرنگی هەبووە لەوەی هەموو پێداویستییەكانی هاوڵاتیان لەبازاڕدا بەردەست بێت‌و رەوشی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئارام بێت.

وەزیری بازرگانی‌و پیشەسازی جەغتی لەوە كردەوە كە سەرۆكی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی هەر لەسەرەتای راگەیاندنی دۆخی لەناكاوی كەرەنتینە كردن‌و قەدەغە كردنی هاتۆچۆو داخستنی سنورەكانەوە بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، بەردەوام لەپەیوەندیدا بووە بۆ ئاگادار كردنەوەی وەزیرو وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازی بۆ رێگرتن لەروودانی هەر كەموكورتییەك‌و هەڵگرتنی ئەو ئاستەنگانەی كە لەدەروازە سنورییەكان بۆ كاری بازرگانی‌و گەیشتی پێداویستی‌و خۆراكە سەرەكیەكان بۆ هەرێمی كوردستان دروست دەبن. 

هەروەها سوپاسی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی‌و سەرۆكەكەی كرد كە بەردەوام لەكۆبونەوەو گفتوگۆدان لەگەڵ بازرگانان بۆ ئەوەی كۆگاكان پڕ خۆراك‌و كاڵای پێویست بن‌و هاوڵاتیانی كوردستان روبەڕوی هیچ دۆخێكی نەخوازراو نەبنەوە‌و هەموو پێداویستییەكانیان لەبازاڕدا بۆ دەستەبەر بكرێت‌و نرخیش بەرز نەبێتەوە.


PM:10:01:30/03/2020




ئه‌م بابه‌ته 773 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌