قائیمقامی سلێمانی: هیچ قه‌یرانێكی كه‌می خواردن و پێداویستی له‌ ئارادا نیه‌


ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامی سلێمانی ره‌تی ده‌كاته‌وه‌ هیچ گرفتێك له‌ كه‌می خواردن و پێداویستی له‌ سلێمانی هه‌بێت و دڵنیایی ته‌واو ده‌داته‌ هاوڵاتیانی شاره‌كه‌ و ده‌ڵێت: هیچ گرفت و قه‌یرانێك له‌ خواردن و پێداویستی رۆژانه‌دا نیه‌و  بڕی پێویستی خواردن و پێداویستی له‌ كۆگاكاندا هه‌یه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا قائیمقامی سلێمانی راشیده‌گه‌یه‌نێت: رۆژانه‌ له‌ رێگه‌ی خاڵه‌ سنورییه‌كانه‌وه‌ خواردن و پێداویستی ده‌هێندرێته‌ هه‌رێمی كوردستان و شاری سلێمانی، له‌م رووه‌وه‌ دڵنیایی ته‌واو ده‌ده‌ین به‌ هاوڵاتیان هیچ دودڵی و گومانێكیان له‌ كه‌می خواردن وپێداویستیه‌كانی رۆژانه‌ نه‌بێت، هه‌موو رێوشوێنێكی پێویست گیراوه‌ته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی بڕی پێویستی خواردن و كاڵاو شتومه‌ك بگاته‌ هه‌رێمی كوردستان.

ئاوات محه‌مه‌د ده‌شڵێت: "زیاتر له‌ سێ هه‌زار ته‌ن خوردن و پێداویستی به‌ڕێگه‌وه‌یه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان و له‌ نزیكترین كاتدا ده‌گاته‌ شاری سلێمانی و پارێزگاكانی تری هه‌رێمی كوردستان ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ كۆگاكاندا به‌ هه‌زاران تۆن خواردن و پێداویستی عه‌مباركراو هه‌یه‌".
 
قائیمقامی سلێمانی: راشیده‌گه‌یه‌نێت له‌ خاڵه‌ سنورییه‌كان كارئاسانی ته‌واو بۆ بازرگانان ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی كاڵاو پێدویستیه‌كان به‌بێ هیچ گرفتێك بهێننه‌ هه‌رێمی كوردستان, هه‌موو ئه‌و خواردن و كاڵایانه‌ش له‌ژێر چادێری ووردی ته‌ندروستیدا دوای دڵنیابونه‌وه‌ رێگه‌ به‌ هاورده‌كردنیان ده‌درێت.

ئه‌م قسانه‌ی قائیمقامی سلێمانی له‌ میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا هات كه‌ ئه‌مشه‌و 22ی ئازاری 2020، كه‌ له‌ دیوانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی به‌سه‌رپه‌رشتی ئاوات محه‌مه‌د، قائیمقامی قه‌زای مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی و به‌ ئاماده‌بونی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی و سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی, یه‌كێتی هاورده‌و ناردنكارانی كوردستان, به‌ڕێوه‌به‌ری چاودێری بازرگانی سلێمانی  و ئاسایشی ئابووری و سه‌رۆكی یه‌كێتی كۆمپانیاكانی دابه‌شكاری سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو.



PM:09:08:22/03/2020




ئه‌م بابه‌ته 101 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو‌