خاوەن گێڵگە پەلەوەریەکان داوایەک ئاراستەی پارێزگار و قائیمقامێت دەکەن


خاوەنی کێڵگە پەلەوەریەکان لەشاری سلێمانی داوایەک ئاراستە پارێزگار و قائیمقامێتی سلێمانی دەکەن تا کارئاسانیان بۆ بکرێت لە ڕۆشتنی عەلەف و هاتنی مریشک بۆ ناو بازاڕ.

نازم عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان رایگەیاند "داوا لە پارێزگاری سلێمانی و قائیمقامێتی سلێمانی و ئاسایشی سلێمانی دەکەین هاوکارمان بن و ڕێگری لە چونی عەلەف بۆ دەواجینەکان و هاتنی مریشک بۆ بازاڕەکان و گەڕەکەکانی سلێمانی نەکەن".

راشیگەیاند "لەئێستادا دەواجنەکان کە سەرجەمیان دەکەونە دەرەوەی شار پێویستە کە هەفتانە یان ڕۆژانە عەلەف بۆ مریشکەکان ببرێت بۆیە لەم کاتی ڕاگرتنی هاتوچۆیەدا پێویستە لایەنە بەرپرسەکانی شاری سلێمانی چاویان لەکار و پرۆژەکانی ئێمە بێت گەر ڕێگریمان لێبکرێت ئەوا زیانێکی گەورە بەر ئه‌م کەرته و بەرهەمی ناوخۆی  گۆشتی مریشک دەکەوێت و ئەوکات نرخیش گران دەبێت".

ئاماژەی بەوەشدا "ئێمە لەگەڵ تەواوی ئەو ڕێکارە تەندروستیانەین کە بەرپرسانی یەکەی ئیداری سلێمانی گرتویانەتەبەر ئێمەش پشتیوان و هاوکاریان دەبین بۆ خۆپارێزی تەندروستی، وە داواشیان لێدەکەین بەپێی ڕێنمایە تەندروستیەکان ئێمەش ئاگادار بکەنەوە لە شێوازی کارکردنمان و گەیاندنی عەلەف بە دەواجنەکان و وە هێنانی مریشک بۆ ناو بازاڕەکان".

جێگره سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان داواش لەقائیمقامی سلێمانی دەکات وەک دووساڵ بەر لەئێستا کە نرخی عەلەف گران کرا لەسەر خاوەن کێڵگە پەلەوەریەکان هەوڵەکانی بخاتە گەڕ و ئەمجارەش هەر تەنێک ١٠٠ دۆلار لەسەرمان گران کراوە.

لەکۆتایدا سوپاسی پارێزگاری سلێمانی و قائیمقام و تەواوی هێزە ئەمنیەکانی شاری سلێمانی دەکەین و هیوادارین بتوانن هاوکارمانبن و پشتیوانمانبن.


PM:08:24:16/03/2020




ئه‌م بابه‌ته 139 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌