کۆبونەوەیەکی فراوان لەژووری بازرگانی و پیشەسازی ئەنجامدرا سەبارەت بەھێنانی کاڵا لەئێرانەوە

سه‌رۆك ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی و جێگری سه‌رۆك پێشوازیان كرد له‌ لیوا مه‌ریوان به‌رێوبه‌ری مه‌رزی باشماخ و ژماره‌یه‌ك له‌ بازرگانان و خاوه‌نكاران و نوێنه‌رانی سه‌ندیكاكانی شۆفێران، نوێنه‌ری پارێزگا و قایمقامیه‌تی سلێمانی و چاودێری بازرگانی و كۆبونه‌وه‌ی فروان ئه‌نجامدرا.

سیروان محه‌مه‌د سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی رایگه‌یاند ''له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا ڕه‌وشی بازرگانی له‌ ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران گفتوگۆی له‌ باره‌وه‌ كرا، جه‌خت له‌ جێبه‌جێ كردنی سه‌رجه‌م رێكاره‌ ته‌ندروستییه‌كان كرایه‌وه‌، داوا له‌ به‌رپرسانی ده‌روازه‌كه‌ كرا پشكنینی ورد بۆ ئه‌و بارهه‌ڵگرانه‌ بكه‌ن كه‌ دێته‌ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ تاكو به‌ هه‌موو لایه‌ك هاوڵاتیانی كوردستان بپارێزین له‌ ڤایرۆسه‌كه‌".

ڕاشیگه‌یاند سه‌رجه‌م ئەو كاڵاو شتومه‌كانه‌ی ترانزێتین و له‌ ئێرانه‌وه‌ دێته‌ خاكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پشكنینی ته‌ندروستیان بۆ ده‌كرێت و دواتر له‌ مه‌رزی باشماخ كاڵاو شتومه‌کەكان  له‌لایه‌ن بارهه‌ڵگری مه‌رزه‌كه‌وه‌ بارده‌كرێت كه‌ نه‌چۆته‌ خاكی ئێرانه‌وه‌ پاشان ڕه‌وانەی شاری سلێمانی ده‌كرێت، رێگه‌ به‌ هیچ بارهه‌ڵگرێكی ئێرانی نادرێت بێته‌ خاكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، تاكو ئێستا هاورده‌كردنی كاڵاو شتومه‌ك له‌ مه‌رزه‌كانه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌ و هیچ كێشه‌یه‌ك دروست نه‌بووه‌، ئه‌و كاڵاو شتومه‌كانه‌شی له‌ ماوه‌ی رابردوودا له‌ به‌نده‌ر عه‌باس راگیرابوون له‌ ئێستادا ده‌ستكراوه‌ به‌ باركردنی و رۆژانه‌ زیاتر له‌ ١٠٠ ئۆتۆمبیلی بارهه‌ڵگر كاڵاو شتومه‌ك له‌ مه‌رزی باشماخه‌وه‌ دێته‌ خاكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌.

جه‌ختی له‌وه‌ش كردوه‌ دڵنیایی ده‌ده‌ینه‌ هاوڵاتیانی كوردستان كه‌ سه‌رجه‌م پێداویستییه‌كان له‌ بازاڕه‌كانی كوردستان به‌رده‌سته‌ و هیچ كه‌موكوڕییه‌ك دروست نه‌بووه‌.



PM:04:02:12/03/2020




ئه‌م بابه‌ته 241 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌