سیروان محه‌مه‌د: لەهاورده‌كردنی كاڵاکاندا بەوردی رێوشوێنه‌ ته‌ندروستییه‌كان رەچاو دەکەین


سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات له‌سه‌ره‌تای بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ ‌چه‌ندین كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بازرگانان‌و خاوه‌نكاران سازكردوه‌ سه‌رباره‌ت به‌رێوشوێنه‌ ته‌ندروستییه‌كان له‌كاتی هاورده‌كردنی كاڵاو شتومه‌كدا، ئەو دەڵێت "به‌ئه‌ركی سه‌رشانی خۆمانی ده‌زانین به‌دواداچونی وردو چڕ بكه‌ین تاكو دڵنیابین له سه‌لامه‌تی گیانی هاوڵاتیان".

سیروان محه‌مه‌د، سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی رایگه‌یاند ''وه‌ك ئه‌رێكی نیشتیمانی  رۆژانه‌ ده‌یان په‌یوه‌ندی ته‌له‌فونی له‌گه‌ڵ بازرگانان و خاوه‌نكاران و به‌رپرسانی ده‌روازه‌ سنورییه‌كان ئه‌نجام ده‌ده‌ین  تاكو دڵنیابین له‌وه‌ی له‌ كاتی هاورده‌كردنی كاڵاو شتومه‌كاندا سه‌رجه‌م رێكاره‌ ته‌ندروستییه‌كان و رێنماییه‌كان وه‌كو خۆی جێبه‌جێ ده‌كرێت، به‌ ئه‌ركی سه‌رشانی خۆمانی ده‌زانین به‌دواداچونی ورد و چر بكه‌ین تاكو دڵنیابین له‌ سه‌لامه‌تی گیانی هاوڵاتیان''.

راشیگه‌یاند ''رۆژانه‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسان و كارمه‌ندانی ده‌روازه‌ سنورییه‌كانه‌وه‌ گرته‌ ڤیدیۆیمان بۆ ده‌نێرێت له‌ باره‌ی كێشه‌ی پشكنین و شۆفێران، جوڵه‌ی بازرگانی له‌ دەروازه‌كان، له‌ كاتی بونی هه‌ر سه‌رپێچیه‌ك و كارێكی نایاساییدا به‌وزترین كات به‌رێوبه‌ری ئاسایشی سلێمانی و پارێزگار و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانمان ئاگادار كردۆته‌وه‌''.

سه‌رۆكی ژووری ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا له‌زۆربه‌ی دەروازه‌ سنوریه‌كان له‌ دیوی عێراقدا پارکێكی گه‌وره‌ی ئۆتۆمبیلیان دابین كردوه‌ تاكو بتوانرێت ئه‌و كاڵاو شتومه‌كانەی دێته‌ خاكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، كاڵاو شتومه‌كان بگوازرێته‌وه‌ سه‌ر بارهه‌ڵگرێكی تر كه‌ نه‌چۆته‌ ناوخاكی ئێرانه‌وه‌، ئەو وتی "ئەم کاڵایانەی دێن پشكنینی وردی بۆ دەكرێت‌و دوای دڵنیابون له‌ته‌ندروستی و شیاوی كاڵاكان له‌رێگه‌ی ئه‌و بارهه‌ڵگره‌وه‌ شتومه‌كان بگه‌یه‌نرێته‌ بازاره‌كانی كوردستان".

جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ به‌ به‌ردوامی په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران هه‌یه‌ له‌ده‌روازه‌ سنوریه‌كان و به‌نده‌ر عه‌باس، سات به‌ سات ئاگاداری دواین بڕیار و گۆرانكارییه‌كانن، له‌ دواین بڕیاریش به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران بریاریانداوه‌ رۆژانه‌ ٢٠ بۆ ٥٠ بارهه‌ڵگر كاڵاوشتومه‌ك رەوانەی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، سەرۆکی ژوور وتی "ئێمه‌ دژی ئه‌م بڕیاره‌ وه‌ستاوینه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ژووره‌ بازرگانییه‌كانی ئێران و كونسوڵگه‌ری ئێران له‌سلێمانی له‌سه‌ر خه‌تین دواكارین ئه‌و رێژه‌یه‌ به‌رزبكرێته‌وه‌ چونكه‌ پێداویستییه‌كی زۆر له‌سه‌ر خوارده‌مه‌نی هه‌یه‌ له‌عێراق و هه‌رێمی كوردستان".

سیروان محه‌مه‌د، راشیگه‌یاند "داوامان لەبه‌رپرسانی ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی باشماخ و په‌روێزخان كردوه‌ كه ٢٤ كاتژمێر ده‌وام بكه‌ن، رۆژانه‌ په‌یوه‌ندییمان له‌گه‌ڵ  به‌رێوبه‌ری مه‌رزی باشماخ و په‌روێزخان و به‌رێوبه‌ری گشتی گومرگی سلێمانی هه‌یه‌ و نوێترین  زانیارییه‌كان ئاڵوگۆڕ ده‌كه‌ین، خۆشبه‌ختانه‌ تاكو ئێستا ڕه‌وشی بازرگانی زۆرباشه‌ كاره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی گونجاو به‌رێوه‌ده‌چن لێره‌وه‌ به‌ پێوستی ده‌زانم سپاسی به‌رێزان به‌رێوبه‌ری ئاسایشی سلێمانی و پارێزگار و به‌رێوبه‌رانی مه‌رزی باشماخ و په‌روێزخان و به‌رێوبه‌ری گشتی گومركی سلێمانی بكه‌م كه‌ به‌ به‌ردوامی هاوكار بوون".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا له‌ ئێساتدا ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆر بارهه‌ڵگر هاتۆته‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كان بۆیه‌ ناچاربوون پێش ئه‌وه‌ی حكومه‌ت رێكاره‌كانی ده‌ستپێبكات وه‌ك ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی پارکێكی گه‌وره‌ی ئۆتۆمبیل له‌دیوی عێراق ئاماده‌ بکەن‌، ئەو وتی‌"سه‌رجه‌م رێكارو رێوشوێنه‌كانمان گرتۆته‌به‌ر تاكو هیچ كێشه‌یه‌ك دروست نه‌بێت، ئه‌و ئه‌ركه‌مان له‌سه‌ر شانی حكومه‌تی هه‌رێم لابردوه‌ و به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی قورسمان خستۆته‌سه‌ر شانی خۆمان به‌ڵێمانداوه‌ به‌و په‌ڕی تواناوه‌ كار بكه‌ین تاكو هیچ كێشه‌یه‌كی خواردن و سوته‌مه‌نی له‌ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق دروست نه‌بێت".

وتیشی "زۆر سوپاسی بازرگانان و خاوه‌نكاران ده‌كه‌ین كه‌ به‌ به‌ردوامی له‌گه‌ڵمان له‌سه‌ر خه‌ت بوون، پابه‌ندی بڕیاری و رێنماییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بوون توانیویانه‌ خۆراك و پێداوسیتی بۆ شاری سلێمانی و باشور ناوه‌ڕاستی عێراق دابین بكه‌ن، چونكه‌ شاری سلێمانی له‌ ئێستادا بۆته‌ ناوه‌ندێكی گرنگی بازرگانی و كاڵاو پێداویستییه‌كان لێره‌وه‌ بۆ سه‌رجه‌م شاره‌كانی ناوه‌راست و باشووری عێراق ده‌نێردرێت".

 


PM:08:16:03/03/2020




ئه‌م بابه‌ته 236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌