به‌های تمه‌نی ئێرانی هێنده‌ی تر دابه‌زی

له‌دوای ئه‌وه‌ی گرووپی FATA كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ چاودێریی دارایی، ئێرانی خسته‌ ناو لیستی ڕه‌شه‌وه‌، به‌های تمه‌ن به‌ خێراییه‌كی چاوه‌ڕوان نه‌كراو دابه‌زی و نرخی هه‌ر دۆلارێك له‌ به‌رانبه‌ر تمه‌ن 15 هه‌زاری تێپه‌ڕاند.

ئه‌مڕۆ شه‌موو ئاژانسی هه‌واڵی "بی بی سی" بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، له‌ بازاڕی بۆرسه‌ی تاران نرخی هه‌ر دۆلارێك 15 هه‌زار و 200 تمه‌نی تێپه‌ڕاندووه‌.

ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ هه‌فته‌ی رابردوو نرخی یه‌ك دۆلار له‌ بۆرسه‌ی تاران 13 هه‌زار و 130 تمه‌ن بوو و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌كرێت به‌های تمه‌ن له‌وه‌ زیاتر دابه‌زێت.

به‌یانی رۆژی هه‌ینی گرووپی FATA كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ چاودێریی دارایی له‌ پاریس ئێرانی به‌هۆی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ و یارمه‌تیدانی گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كان خسته‌ ناو لیستی ره‌شه‌وه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و رێكخراوه‌ رای گه‌یاند، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێران پابه‌ندی رێسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی سه‌ر به‌ گرووپی FATF نه‌بووه‌ و هه‌وڵه‌كانی بۆ سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ بووه‌ته‌ هۆی تێكدانی ئاسایشی ئابووری جیهانی، تاران ده‌خرێته‌ ناو لیستی ڕه‌شی ئه‌و رێكخراوه‌یه‌.

بی بی سی ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌، هاووڵاتییانی ئێرانی به‌ لێشاو روویان كردووه‌ته‌ نووسینگه‌كانی گۆڕینه‌وه‌ی دراو و تمه‌نه‌كانیان ده‌كه‌ن به‌ دۆلار بۆ ئه‌وه‌ی هێنده‌ی تر زیانمه‌ند نه‌بن له‌ دابه‌زینی به‌های دراوه‌كه‌یان.



PM:11:46:22/02/2020




ئه‌م بابه‌ته 690 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌