وه‌زیری بازرگانی: كار بۆ هێنانی كارگه‌ و به‌رهه‌مهێنانی كاڵای ناوخۆیی ده‌كه‌ین


وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێ، حكوومه‌تی نوێ كاری رژد ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ بوار و سێكته‌ره‌ جۆراوجۆره‌كان كارگه‌ بهێنێته‌ كوردستان، گرنگی به‌ كاڵا و به‌روبوومی ناوخۆیی بدرێت و پلانێكی ڕژد دانراوه‌ بۆ ڕێگرتن له‌ هاورده‌كردنی كاڵای كوالیتی نزم.

كه‌مال موسلیم وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ڕاگه‌یاند، له‌ هێڵه‌ گشتییه‌كانی كارنامه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ رژدی باس له‌ بازرگانی كراوه‌ و به‌گرنگییه‌وه‌ له‌ بواری بازرگانی ده‌ڕوانێت وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگ بۆ داهاتی كوردستان، ئێسته‌ هه‌وڵێك هه‌یه‌ له‌و ناهاوسه‌نگییه‌ی له‌ هاورده‌ و هه‌نارده‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕێكی بخه‌ینه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌مانه‌وێ گرنگی بده‌ین به‌ به‌رهه‌می ناوخۆ وه‌ك به‌روبوومی كشتوكاڵی و پیشه‌سازی، تا ئه‌و راده‌یه‌ی هه‌نارده‌ زیاد بكه‌ین و هاورده‌ كه‌م بكه‌ینه‌وه‌.

زیاتر روونی ده‌كاته‌وه‌، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كار له‌سه‌ر ئه‌وه ‌ده‌كات، كارگه‌ی پیشه‌سازی له‌ ته‌واوی بواره‌كان بهێنێته‌ كوردستان، گرنگی بدرێت به‌ زیادكردنی به‌روبوومی ناوخۆ و بازاڕیشیان بۆ بدۆزینه‌وه‌ تا ئه‌و ئاسته‌ی هاورده‌ كه‌م بكه‌ینه‌وه‌ و هه‌نارده‌ زیاد بكه‌ین، ئه‌و پلانه‌مان له‌به‌ر ده‌سته‌ و كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین و ئه‌وه‌یش ده‌بێته‌ پاڵپشتێكی گه‌وره‌ بۆ ئابووری كوردستان.

"له‌و كارنامه‌یه‌‌ی حكوومه‌ت كه‌ له‌ كاتی سوێندخواردنی سه‌رۆك و وه‌زیره‌كان بۆ ڕای گشتی بڵاوكرایه‌وه‌ گرنگی به‌ زیادكردنی به‌رهه‌می ناوخۆ دراوه‌ له‌ ڕووی چه‌ندی و چۆنێتییه‌وه‌ له‌ هه‌موو بواره‌كاندا". كه‌مال موسلیم وای گوت.

وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپاتی ده‌كاته‌وه‌، هه‌نگاوی زۆر باش نراوه‌ له‌ ده‌روازه‌ بازرگانییه‌كانه‌وه‌، ئه‌و كاڵایانه‌ی هاورده‌ی كوردستان ده‌كرێن، ئه‌گه‌ر كوالیتییان به‌رز نه‌بێت و له‌ ئاست ستاندارده‌ جیهانییه‌كان نه‌بن، ڕێیان پێ نادرێت بێنه‌ ناو خاكی كوردستان، ئه‌وه‌یش تا ئاستێكی زۆر باش توانراوه‌ كۆنتڕۆڵ بكرێت.

وه‌ك ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، به‌رنامه‌ی كاری چوارساڵی وه‌زاره‌ته‌كه‌مان دانراوه‌، به‌رنامه‌ی كاری وه‌زاره‌ت ڕاده‌ستی سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێم كراوه‌، ده‌مانه‌وێت زۆربه‌ی ئه‌و كاڵایانه‌ی هاورده‌ی كوردستان ده‌كرێن و پاره‌یه‌كی زۆرمان ده‌ڕواته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌و كاڵا و به‌رهه‌مه‌ له‌ ناوخۆ زیاد بكه‌ین، به‌وه‌ی كارگه‌ بهێنین له‌ بواره‌ جیاوازه‌كان، له‌گه‌ڵ ته‌واوی ئه‌و رێوشوێنانه‌ی پێویسته‌ ده‌یانگرینه ‌به‌ر.

وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازی هێما بۆ ئه‌وه‌یش ده‌كات، پاره‌یه‌كی زۆر بۆ ئاوی ته‌ماته‌ ده‌ڕواته‌ ده‌ره‌وه‌ و له ‌ناوخۆش كاتی پێگه‌یشتنی ته‌ماته‌ ئه‌وه‌نده‌ زۆره‌ جووتیاران فڕێی ده‌ده‌ن، بۆیه‌ پلان هه‌یه‌ بۆ هێنانی چه‌ندان كارگه‌ی ئاوی ته‌ماته‌ به‌ئاستێك ئاوی ته‌ماته‌ له ‌ناوخۆ به‌شی بازاڕه‌كانی كوردستان به‌رهه‌م بهێنرێت و هه‌نارده‌ش بكرێت، یه‌كه‌م پاره‌یه‌كی زۆر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خۆمان و دووه‌م جووتیاران سوودی لێ وه‌رده‌گرن. ئه‌و ته‌ماته‌یه‌ وه‌ك نموونه‌ ده‌هێنمه‌وه‌، ئه‌گه‌رنا ئێمه‌ كار له‌سه‌ر ته‌واوی سێكته‌ره‌كان ده‌كه‌ین.


AM:11:02:06/11/2019




ئه‌م بابه‌ته 164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو‌