کار ده‌کرێت بۆ کردنه‌وه‌ی دوو بازاڕچه‌ له‌ سنووری قه‌زای ماوه‌ت


به‌مه‌به‌ستی كردنه‌وه‌ی دوو بازاڕچه‌ له‌سنوری قه‌زای ماوه‌ت بۆ ئاڵوگۆڕکردنی کەلوپەل له‌گه‌ڵ سه‌رده‌شتی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، شاندێكی باڵا له‌ژووری بازرگانی‌و به‌رپرسانی فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی پارێزگای سلێمانی سه‌ردانی قه‌زاكه‌یان كردو لایه‌ن قایمقام‌و به‌رپرسانی قه‌زا‌كه‌وه‌ پێشوازیان لێ كرا.

یاسین ڕحیم، جێگری سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی رایگه‌یاند ''ئه‌مرۆ چوار شه‌ممه‌ ١٦ی تشرینی یەکەم، له‌سه‌ر داوایی قایمقامی قه‌زای ماوه‌ت سه‌ردانی ئه‌م ناوچه‌یه‌مان كرد كه‌ له‌سه‌ر سنوری ئێرانه‌ تاكو بتوانین سه‌رچاوه‌یه‌كی داهات بۆ هاوڵاتیان‌ ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین كه‌ لەڕێگەی كردنه‌وه‌ی دوو بازاڕچه‌وە"..

ڕاشیگه‌یاند ''له‌ئێستادا قه‌زای ماوه‌ت له‌باردۆخێكی ئابوری خراپدایه‌، مه‌ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م دۆخه‌ به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت، به‌هۆی بێكاریه‌وه‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌ره‌و چۆڵ بوون بڕوات‌و دانیشتوانه‌كه‌ی كۆچ بكه‌ن بۆ ناو شار''.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، وه‌ك ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی ناوچه‌كه‌یان كرد، تاكو بزانن چۆن چاره‌سه‌ری دۆخی دارایی ناوچه‌كه‌ بكه‌ین، ئەو وتی "ئه‌وه‌ی ئێمه‌ تێبینی ده‌كه‌ین ده‌كرێت له‌ دوو شوێن بازاڕچه‌ دروستبكرێت، كه‌ ده‌بێته ‌هۆی بوژانده‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ له‌ ڕوی ئابووریه‌وه‌ و هه‌لی كار بۆ دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ ده‌ره‌خه‌سێنن''.

وتیشی "لای خۆمانه‌وه‌ وه‌ك ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی له‌گه‌ڵ پارێزگاری شاری ورمێ‌و به‌رپرسانی ژووری بازرگانی ورمێ گفتوگۆ ده‌كه‌ین تاكو بتوانین ئه‌وانیش بانگهێشتی ناوچه‌كه‌ بكه‌ین‌و له‌نزیكه‌وه‌ شاره‌زای ماوه‌ت بن، هه‌وڵی ته‌واو ده‌ده‌ین بازاڕچه‌كان دروست بكرێت".

هاوکات، قایمقامی قه‌زای ماوه‌ت، كامه‌ران حه‌سه‌ن رایگه‌یاند ''ئه‌م ناوچه‌یه‌ له‌كۆنه‌وه‌ ناوه‌ندێكی گرنگی بازرگانی بووه‌ له‌نێوان عێراق‌و ئێراندا به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌م ٢٠ ساڵه‌دا شارباژێر له‌باردوخێكی خراپی دارایدایەو ناوچه‌كه‌مان به‌ره‌و چۆڵ بوون ده‌چێت، بۆیه‌ هه‌وڵه‌كانمان خسته‌ گه‌ڕ بۆ كردنه‌وه‌ی بازارچه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران، له‌ئێستدا لیژنه‌یه‌ك له‌ ١٢ لایه‌نی په‌یه‌وه‌ندیدار پێکهێنراوە، یه‌كه‌مین كارمان تۆژینەوەیە له‌و شوێنانه‌ كه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی بازاڕچه‌كه‌ له‌باره‌، له‌ئێستادا دوو شوێنمان دیاری كردو‌وه‌و كار ده‌كه‌ین تاكو به‌زووترین كات بكرێنه‌وه"‌.

پاش كۆتایی هاتنی سه‌ردانه‌كه‌، لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌بینای پاسپۆرتی سلێمانی كۆنوسێكیان ئاماده‌كرد، تاكو كاری له‌سه‌ر بكه‌ن به‌ئامانجی ئه‌وه‌ی به‌زووترین كات ده‌روازه‌كه‌ بكرێته‌وه‌.


PM:09:42:16/10/2019




ئه‌م بابه‌ته 808 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌