شاندێکی ژوور بۆ پیرۆزبایی کردن لەکابینەی نوێ سەردانی ھەولێر دەکات

شاندێكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی به‌مه‌بەستی پیرۆزبایی كردن له‌به‌رپرسانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم و تاوتوێ كردنی ڕه‌وشی بازرگانی و پیشه‌سازی و گه‌یاندنی داواكاریه‌كانی خاوه‌نكاران و پیشه‌سازانی کەرتی تایبەت سه‌ردانی شاری هه‌ولێریان كرد.

شانده‌كه‌ی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی پێكهاتبوو له‌ ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كارگێری ژوور به‌ سه‌رۆكایه‌تی سیروان محه‌مه‌د، سه‌رۆكی ژوور، كه‌ له‌ باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ رایگه‌یاند ''له‌سه‌ردانه‌كه‌ماندا له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شوكری، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان كۆبوینه‌وه‌ و پرۆژه‌ی گه‌نجیه‌كانی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانیمان تاوتوێ كرد و پێمانڕاگه‌یاند له‌ شاری سلێمانی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ بازرگانان و خاوه‌نكاران ئاماده‌ن كارگه‌ی گه‌وره‌ و مامناوه‌ند و بچوك دروستبكه‌ن ئه‌گه‌ر زه‌ویان بۆ دابین بكرێت و هاوكاری بكرێن تاكو بتوانن كێبركێی به‌رهه‌می ده‌ره‌كی بكه‌ن''.

سیروان محه‌مه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا ''داوامان له‌ سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان كرد  ناوچەی ئازار بخرێتە بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه‌ و ده‌ستبه‌كاركردن بكرێت بۆدروستكردنی ناوچه‌ پیشه‌سازیه‌كان و گرنگی به‌ پرۆژه‌ی بچوك بدرێت، جه‌ختیشمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێوسته‌ پیشه‌سازان له‌ كاتی هێنانی ئامێر بۆ كارگه‌كانیان له‌ گومرگ و باج ببه‌خشرێن  و ئەو پرۆژانە بخرێنە ناو یاسای وەبەرھێنانەوە تا بەزوویی جێ بەجێبکرێن و گرنگییان پێ بدرێت، لای خۆشیه‌وه‌  محه‌مه‌د شوكری، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان به‌ڵێنی پێدان كه‌ كاری جدی له‌سه‌ر پێشنیازو داواكریه‌كانمان بكات و هه‌وڵی جدی بدات بۆ به‌هێزكردنی كه‌رتی پیشه‌سازی له‌ هه‌رێمی كوردستان و به‌هێزكردنی ژێرخانی ئابووری".

سیروان محه‌مه‌د راشیگه‌یاند ''دواتر سه‌ردانی كه‌مال موسلیم، وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانمان كرد به‌ مه‌به‌ستی پیرۆزبایی ده‌ستبه‌كاربونی و له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا تاوتوێی ڕه‌وشی بازرگانی و پیشه‌سازیمان كرد و كۆمه‌ڵێك داواكاری بازرگانان و پیشه‌سازانمان پێگه‌یاند و داوامان لێكردن كاربكه‌ن بۆ ده‌ركردنی یاسایی پاراستنی به‌رهه‌می ناوخۆ كه‌ ده‌ركردنی ئه‌م یاسایه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی بتوانین وه‌به‌رهێنه‌ری ده‌ره‌كی رابكێشینه‌ هه‌رێمی كوردستان تاكو كارگه‌كانیان له‌ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان دابمه‌زێنن و دوای ده‌ركردنی ئه‌م یاسایه‌ كارگه‌كانی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان ده‌بوژێنه‌وه‌ و ده‌توان باشتر كێبركێی به‌رهه‌می ده‌ره‌كی بكه‌ن و كارگه‌كانیان فروانتر و گه‌وره‌تر بكه‌ن تاكو بتوانین بازاڕه‌كانی عێراق به‌ كاڵاو شتومه‌كی هه‌رێمی كوردستان كۆنترۆڵ بكه‌ین. لای خۆشیه‌وه‌  كه‌مال موسلیم، وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ خۆشحاڵیه‌وه‌ به‌ وردی گوێبیستی داواكاریه‌كامان بوو كۆمه‌ڵێك پێشنیازی پێداین و داوای كرد پشنیازه‌كانمان بكه‌ین به‌ نوسراوێك تاكو بتوانێك له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كاری جدی له‌سه‌ر بكات".
 
راشیگه‌یاند ''داوامان له‌ وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد ئه‌و پرۆژه‌ پیشه‌سازیانه‌ی كه‌ لای ئێمه‌ له‌ ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی تۆماره‌ هاوشێوه‌ی ئه‌و پرۆژانه‌ی كه‌ له‌ ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان و وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی تۆمارده‌كرێن له‌ باج و روسوماتیان لێ نه‌سه‌ندرێت''.

سیروان محه‌مه‌د ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا "دواتر سه‌ردانی به‌رێوبه‌ری پیشه‌سازی هه‌رێمی كوردستان شێخ ئاراسمان كرد كه‌ ئه‌زمونێكی زۆری هه‌یه‌ له‌ كاردن له‌ كه‌رتی پیشه‌سازی هه‌رێمی كوردستاندا و تاوتوێی كێشه‌و گرفته‌كان و یاساكانی تایبه‌ت به‌ كه‌رتی پیشه‌سازیمان كرد و پێراگه‌یاندنین یاسایی گه‌شه‌سه‌ندی كه‌رتی پیشه‌سازی له‌ په‌رله‌مانی عێراق هه‌موار كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ پێده‌چێت له‌ هه‌رێمی كوردستانیش په‌ریره‌وی بكه‌ین كه‌ زۆر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پیشه‌سازاندایه‌ و تا راده‌یه‌كی باش ده‌بێته‌هۆی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و گه‌شه‌سه‌ندنی كه‌رتی پێشه‌سازی".

سیروان محەمەد ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا "دواتر سه‌ردانی پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێرمان كرد و له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ كۆمپانیا و كارگه‌ بیانی و ناوخۆیه‌كانی به‌شدار له‌ پێشانگاكه‌ گفتوگۆمان كرد و بانگێشتمان كردن تاكو به‌شداری له‌ پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی بكه‌ن، ئه‌وانیش به‌ڵێنیان پێداین له‌ پێشانگای نێودوڵه‌تی سلێمانی به‌شداری بكه‌ن".


PM:04:14:03/10/2019




ئه‌م بابه‌ته 283 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌