چوار ناوچه‌ی پیشه‌سازیی گه‌وره‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌کرێت

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتی: كاركردن بۆ جێبه‌جێكردنی چوار ناوچه‌ی پیشه‌سازی گه‌وره‌ له ‌هه‌رێمی كوردستان خراوه‌ته‌ كارنامه‌ی چوار ساڵی داهاتووی وه‌زاره‌ته‌كه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ ژماره‌یێكی زۆر ده‌رفه‌تی كار بۆ گه‌نجانی ده‌رچوونی زانكۆ و په‌یمانگاكان ده‌ره‌خسێت.

فه‌تحی محه‌مه‌د وته‌بێژی وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ڕادیۆ نه‌وای ڕاگه‌یاند: له ‌كارنامه‌ی چوار ساڵی داهاتووی وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی گرنگترین خاڵ كه‌ پێشتر كاری له‌سه‌ر كراوه ‌و به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ ڕاگیرابوو دروست كردنی چوار ناوچه‌ی پیشه‌سازی گه‌وره‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان واتا له‌ "هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆک و ئیداره‌ی گه‌رمیان" و له‌ ئێستادا وه‌كوو گرنگترین خاڵ له‌ كارنامه‌كه‌ی وه‌زاره‌ت ڕه‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كراوه‌و بۆ ئه‌وه‌ی كاری جدی له‌سه‌ر بكرێت چونكه‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌م و دووه‌م بۆ پرۆژه‌كه‌ نراوه و‌ له‌ ساڵانی ڕابردوودا حكوومه‌ت بۆ هه‌ر ناوچه‌یێكی پیشه‌سازی یه‌ک ملیۆن مه‌تر چوار گۆشه‌ زه‌وی ته‌رخان كردبوو به‌ڵام به‌هۆی قه‌یرانی دارایی و دۆخی هه‌رێمی كوردستان و عێراق پرۆژه‌كه‌ ڕاگیرابوو.

ناوبراو ڕاشیگه‌یاند: ناوچه‌ پیشه‌سازییه‌كان كارگه‌ی گه‌وره ‌و مام ناوه‌ند و بچووک له‌خۆ ده‌گرێت و كه‌رتی تایبه‌ت به‌ شێوه‌یێکی به‌رچاو ده‌بووژێته‌وه‌ به‌هۆی پرۆژه‌كه ‌و وڵاتانی ده‌وروبه‌ریش پشتیوانیی خۆیان بۆ هاوكاری ده‌ربڕیوه ‌و هیوادارین به‌ هه‌ماهه‌نگیی وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌ست به‌ پرۆژه‌كه‌ بكرێت تاوه‌كوو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌ به‌ركارهێنه‌وه‌ بكرێته‌ به‌رهه‌مهێن و تاوه‌كوو له‌ كوردستان كارگه‌ش دروست بكرێت.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتیشی: "له‌ كوردستان فاكته‌ری گرنگ هه‌یه‌ بۆ ئه‌و قۆناغه‌ ئه‌ویش له‌ ڕووی توانای مرۆییه‌وه‌ چه‌ندین گه‌نجی ده‌رچوونی زانكۆ و په‌یمانگاکان هه‌یه‌ و ده‌توانرێت به‌كاریان بهێنین و ده‌رفه‌تی كاری زۆریش بۆ ئه‌و چینه‌ ده‌ره‌خسێت و هه‌روه‌ها فاكته‌ری گرنگتر كه‌ بوونی هه‌یه‌ خاكی به‌پیته‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان".


PM:08:06:26/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 361 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو‌