بەهۆی بەردەوامی ناكۆكییە بازرگانیەكانی نێوان چین و ئەمریكا، بەهای دراوی چینی بۆ نزمترین ئاست دابەزی


بەهۆی بەردەوامی ناكۆكییە بازرگانیەكانی نێوان چین و ئەمریكاو لاوازبوونی متمانەی وەبەرهێنەران بە گەشەی ئابووری جیهان، سەرلەنوێ‌  بەهای دراوی (یوان)ی چینی بۆ نزمترین ئاست لەماوەی 11 ساڵی رابردوودا دابەزی.

لەو چوارچێوەیەشدا بەهای دراوی یوان، بە كاریگەری هەڕەشەكانی (دۆناڵد ترەمپ)ی سەرۆكی ئەمریكا بە سەپاندنی زیادە باجی گومرگی زیاتر بەسەر هاوردەی كاڵاكانی چین و وەڵامدانەوەی حكومەتی پەكینیش بۆ ئەو زیادە باجانە، لە بازاڕە ناوخۆییەكاندا دەستی بەدابەزین كردوەو بەهای یەك دۆلاریش گەیشتۆتە 7 پۆینت‌و 15 یوان، كە ئەوەش بە نزمترین بەهای ئەو دراوە دادەنرێت لە دوای ساڵی 2008وە.

رۆژی هەینی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، بەرێژەی سەدا 5 زیادە باجی گومرگی كە دەكاتە بەهای (550) ملیار دۆلار بەسەر هاوردەی كاڵاكانی چیندا دەسەپێنێت‌و لەبەرامبەریشدا چین بە بەهای 75 ملیار دۆلار زیادە باجی بەسەر هاوردەی كاڵاكانی ئەمریكا بۆ وڵاتەكەی سەپاند، ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی وەبەرهێنەران متمانەیەكی ئەو تۆیان بۆ كاركردن لەو دوو وڵاتەدا نەمێنێت.


AM:09:04:27/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 235 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌