"عێراق 555 ملیار دینار قه‌رزی گه‌نمی جوتیارانی كوردستانی له‌لایه‌"

مام فارس ده‌ڵێت به‌منزیكانه‌ بڕی هه‌ژماركردنی 370 هه‌زار دینار بۆ هه‌ر تۆنێك گه‌نمی جوتیاران له‌بری 790 هه‌زار دینار هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ و به‌ نرخی 790 هه‌زار دینار وه‌رده‌گیرێت. 

فارس حوسێن عه‌بدوڵا، ناسراو به‌ "مام فارس"، سه‌رۆكی رێكخراوی جوتیارانی سه‌رده‌م بۆ په‌ره‌پێدانی كشتوكاڵ  باس له‌ پاره‌ی گه‌نمی جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و زانیاریی نوێ ده‌خاته‌ روو، له‌وباره‌یه‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت "سه‌باره‌ت به‌ پرسی پاره‌ی گه‌نمی جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ هێشتا بڕێكی ماوه‌ و له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه‌ نه‌دراوه‌، مام فارس رایگه‌یاند "ساڵێك و چوار مانگ پێش ئێستا من بۆخۆم دوو سكاڵام له‌سه‌ر حكوومه‌تی عێراق و وه‌زیری بازرگانیی عێراق و كۆمپانیای وه‌رگرتنی گه‌نم له‌سه‌ر پرسی پاره‌ی گه‌نمی جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان تۆماركردووه‌، هه‌روه‌ها مانگ و نیوێكه‌ سكاڵام له‌دژی بڕیارێكه‌ی عه‌بادی كه‌ ساڵی 2018 داویه‌تی سه‌باره‌ت به‌ گه‌نمی جوتیاران و ئه‌و بڕیاره‌ی هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌، چونكه‌ ساڵی 2018 نابێت به‌سه‌ر پێشتردا جێبه‌جێ بكرێت". 

هه‌روه‌ها وتیشی "مزگێنی ده‌ده‌مه‌ جوتیاران كه‌ ئه‌و بڕیاره‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌باره‌ت به‌ هه‌ژماركردنی پاره‌ی گه‌نم بكرێت به‌ بازرگانی له‌ 790 هه‌زار دیناره‌وه‌ بۆ 370 هه‌زار دینار بۆ هه‌ر تۆنێك، ئێستا ئه‌و بڕیاره‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی فه‌رمانی داوه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ و مزگێنی به‌ جوتیاران ده‌ده‌م به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م هه‌ر تۆنێك گه‌نمی ئه‌وان به‌ بڕی 790 هه‌زار دینار وه‌رده‌گیرێت". 

سه‌باره‌ت به‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی هی گه‌نمی جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ هێشتا له‌لای حكوومه‌تی عێراق ماوه‌، مام فارس له‌و لێدوانه‌یدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی "نزیكه‌ی 555 ملیار دیناری پاره‌ی گه‌نمی جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان له‌لای عێراق ماونه‌ته‌وه‌ كه‌ هی ساڵانی 2014 و 2015 و 2016 یه‌". 

سه‌باره‌ت به‌ به‌رنامه‌كانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و قسه‌كانی وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌فته‌ی رابردوو سه‌باره‌ت به‌ كاركردن بۆ ساغكردنه‌وه‌ی به‌روبومی كشتوكاڵیی جوتیاران، مام فارس وتی "كابینه‌ی نوێ و وه‌زیری نوێی كشتوكاڵ ده‌یه‌وێت گۆڕانكاریی له‌ هه‌یكه‌لی كشتوكاڵی بكات بۆ ئه‌وه‌ی به‌روبومی جوتیاران به‌ بازاڕ بكرێت، دیاره‌ ئه‌و قسانه‌ی وه‌زیر كردنی ده‌كرێت جێبه‌جێ بكرێت، دیاره‌ منیش پێموایه‌ به‌بازاڕكردنی به‌روبومی كشتوكاڵ كه‌ زۆر گرنگه‌ له‌م بابه‌ته‌دا بنچینه‌ییه‌، كه‌ بازاڕ هه‌بوو كشتوكاڵ گه‌شه‌ ده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌روبومه‌كان بازاڕیان نه‌بوو به‌رهه‌می كشتوكاڵی گه‌شه‌ ناكات، بۆیه‌ ده‌بێت وه‌زیری كشتوكاڵ هه‌وڵ بدات له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بودجه‌یه‌ك به‌ده‌ست بخات بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می جوتیاران به‌ بازاڕ بكرێت".


PM:04:50:24/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 255 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌