گەنجێکی شاری سلێمانی دروستکردنی تابلۆیەک ٤٠٠ کلم دەزووی بەکارھێناوە

ئەھوەن فاروق عزەت-ی تەمەن ٢٦ ساڵان گەنجێکی دانیشتووی شاری سلێمانییە و لە منداڵییەوە خولیای وێنەکێشان بووە، لە ئێستاشدا ئەو شێوازەی ئەو ھەڵیبژاردووە بۆ تابلۆ کێشان جێگەی سەرنجە و تابلۆکانی ناوازەن.

ئەھوەن دەرچووی کۆلێجی دارایی و بانکە، ئەو بەشەش ھیچ پەیوەندییەکی بە ھونەرەکەیەوە نییە، بەڵام زیاتر لە ھونەرەکەیدا کاری کردووە و تێیدا پەرەی بە تواناکانی داوە.

ئەو لەبارەی کارەکەیوتی: "لە قۆناغی سەرەتاییەوە حەز و خولیای وێنەکێشانم ھەبووە و زۆرجار لە پۆلدا لەسەر کاغەز وێنەم کێشاوە و ھەستم کردووە توانایەکم ھەیە لەو بوارەدا، دواتر لە بواری دیزاین لە قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی کارم کردووە، نزیکەی دوو ساڵیشە سەرقاڵی کاری سترینگم".

ئەم ھونەرمەندە جگە لە تابلۆ کێشان بە بزمار و دەزوو، کاری دیزانینی سەقف و دیواری ماڵ و ھۆڵەکانیش دەکات لە رێگەی دەزووەوە.

تائێستا چەندین بەرھەمی ھەیە و بەشداری چەندین پێشانگای کردووە، دیارترین و نوێترین بەرھەمی تابلۆی ئەکتەرێکی ھۆلیودە کە ماوەیەکی زۆر کاری تێدا کردووە.

ئەھوەن لەو بارەیەوە وتی: "نوێترین کارم تابلۆی (ئەودری ھێپبۆرن) ئەکتەری ھۆلیودە، قیاسەکەی ١٣٥ سنتم بە ١٣٥ سنتم دەبێت، زیاتر لە ١٠٠ کاتژمێر کارم تێدا کردووە و ٥٠٠ بزماری تێدا بەکار ھاتووە بەبێ ئەوەی یەک بزمار بکەوێتە ناوەڕاستی تابلۆکەوە، ھەروەھا ٤٠٠ کلم دەزووی تێدا بەکار ھاتووە".

ئەو باس لەوە دەکات، یەکەمجارە بەو شێوەیە لە ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەش لە رێگەی بزمار و دەزووەوە تابلۆ دەکێشێت، پلانی ئەوەشی ھەیە کارەکەی زیاتر گەورە بکات و بە پڕۆژەیەک بڵاوی بکاتەوە.



PM:05:49:09/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 209 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌