٣ بەنداوی لەلایەن تورکیا و هەرێمەوە بە هاوبەشی درووست دەکرێت

بەڕێوەبەرى گشتى بەنداو و کۆگاکانى ئاو سەربە وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو لە حکوومەتى هەرێمى کوردستانی عێراق، ''تورکیا و هەرێمى کوردستان بە هاوبەشى سێ بەنداو لە سنوورى قەزاى مێرگەسۆر لە ناوچە سنوورییەکانى نێوان تورکیا و هەرێمدا دروست دەکەن و بەنداوەکان یەک ملیار مەتر سێجا ئاو گلدەدەنەوە و ١٢٠ مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن''.

لەمیانی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئەکرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەرى گشتى بەنداو و کۆگاکانى ئاو سەربە وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو لە حکوومەتى هەرێمى کوردستانی عێراق وتی، ''ئەنقەرە و هەولێر گەیشتوونەتە رێککەوتن و لەئێستادا چاوەڕوانى حکوومەتى عێراق دەکەین بۆ ئەوەى رەزامەندى لە رووى ئاسایشەوە دەرببڕێت بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکە''.

هاوکات ئەکرەم ئەحمەد وتىشی، ''لەسەر پێشنیازى تورکیا، ئەنقەرە و هەولێر بە هاوبەشى سێ بەنداوى گلدانەوە و عەمبارکردنى ئاو لە سنوورى قەزاى مێرگەسۆرى سەربە پارێزگاى هەولێر دروست دەکەن، سوودێگى گرنگ لە بوارى ئاو و دابینکردنى کارەبا بەتەواوى هەرێمى کوردستان دەگەیەنێت''.

ناوبراو بە  ئاماژەدان لە سێ بەنداوەکە وتی، ''ئەم سێ بەنداوەى کە بڕیارە لە ناوچە سنوورییەکانى نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان دروست بکرێن، تواناى گلدانەوە و عەمبارکردنى یەک ملیار مەتر سێجا ئاویان هەیە و لە پڕۆژەکەدا ١٢٠ مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێندرێت، ئەمەیش سوود بە سنوورى قەزاى مێرگەسۆر، پارێزگاى هەولێر و هەرێمى کوردستان دەگەیەنێت''.

بەڕێوەبەرى گشتى بەنداو و کۆگاکانى ئاو سەربە وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو لە حکومەتى هەرێمى کوردستانی عێراق ئاماژەى بۆ ئەوە کرد کە پێنج رۆژ لەمەوبەر شاندى حکوومەتى هەرێم لەگەڵ حکوومەتى عێراق کۆبوونەوەمان ئەنجامداوە لەبارەى  جێبەجێکردنى پڕۆژەى دروستکردنى بەنداوەکان، بەڵام تا ئێستا حکوومەتى عێراق لە رووى ئەمنییەوە رەزامەندى دەرنەبڕیوە، دواى دەربڕینى رەزامەندى حکوومەتى عێراق لەسەر جێبەجێکردنى پڕۆژەکان، حکوومەتى هەرێم، حکوومەتى تورکیا و عێراق دیراسەى چۆنییەتى جێبەجێکردنى پڕۆژەکان دەکەین.

ئەکرەم ئەحمەد ژمارەى بەنداوەکانى هەرێمى کوردستان ئاشکرا دەکات و دەڵێت ''هەرێمى کوردستان ١٥ بەنداوى هەیە، سێ لەو بەنداوانە لە لایەن حکوومەتى پێشووى عێراق دروستکراون، ١٢ بەنداوى دیکەش دواى راپەڕین لە لایەن حکوومەتى هەرێمى کوردستان لەسەر رووبارە هەمیشەیی و وەرزییەکان دروستکراون، کۆى گشتى بەنداوەکان لە توانایاندایە زیاتر لە ١٠ ملیار مەتر سێجا ئەمبار بکەن. لە بەنداوەکانى دوکان و دەربەندیخان حکوومەت سوودى وەرگرتووە بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا و لە ئایندەدا ئەو سێ بەنداوەى تورکیا و هەرێمى کوردستان رێککەوتنیان کردووە هاوشێوەی بەنداوەکانى دیکە لە رووى بەرهەمێهێنانى کارەباوە سوودیان لێوەردەگیرێت''.


AM:10:34:05/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 281 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌