تڕەمپ دژایەتی خۆی بۆ دراوە ئەلکترۆنیەکان دەربڕی


پاش ئەوەی لە مانگی ڕابردوودا مارک زوکەربێرگ دامەزرێنەر و بەڕێوبەری گشتی فەیسبووک ڕایگەیاند کە لەگەڵ چەند بانک و دامەزراوەیەکی جیهانیدا ڕێککەوتن و ئامادەکاریان بۆ دروستکردنیدراوێکی ئەلکترۆنی کردووە، کە بتوانرێت لەڕێی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و وەتسئەپیشەوە مامەڵەی پێوە بکرێت.

لەبارەی هەنگاوەکەی فەیسبووک و دراوە ئەلکترۆنیەکانی تریشەوە، دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەو هیچ متمانەی بە دراوە ئەلکترۆنیەکان نییە و هاوکات نیگەرانی خۆی لەبارەی هەبوونیانەوە ڕاگەیاند، چونکە بەوتەی ئەو”دراوە ئەلکترۆنیەکان ڕێ بۆ کار و مامەڵەی نایاسایی خۆش دەکەن.”

شایەنی باسە قسەکانی تڕەمپ بە پلەی یەک لە دژی دراوی بیتکۆین بوون کە لە ساڵی ۲۰۰۹ وە مامەڵەی پێوە دەکرێت. بەڵام، لەگەڵیشیدا ئامانجی کەمکردنەوەی بەهای دراوەکەی فەیسبووکە، چونکە ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتیە زیاد لە دوو ملیار بەکارهێنەری هەیە و چاوەڕوان دەکرێت بە دروستکردنی دراوەکەی سەرتاسەری جیهان بتەنێت، چونکە بە وتەی زوکەربێرگ”بەشدارووان دەتوانن وەک وێنە و نووسین، پارە بۆیەک بنێرن.” جگه لەوەش، بەکارهێنەران بەبێ هەبوونی هەژماری بانکی، دەتوانن مامەڵەکانیان لەڕێی هەژمارە کۆمەڵایەتییەکەوە ئەنجام بدەن.

تڕەمپ لە لێدوانەکەیدا کە ڕووی دەمی لەفەیسبووک و هەموو دراوە ئەلکترۆیەکان بوو، وتی” من هیچ متمانەم بە بیتکۆین و دراوە ئەلکترۆنیەکان نییە، لەئەمریکاشدا یەک دراوی ڕاستەقینەمان هەیە کە لە هەمووشتێ بەهادارترە، ناویشی دۆلاری ئەمریکییە.”

هاوکات بڕیارە لەم هەفتەیەدا و لە کۆبوونەوەی گروپی G-7دا، ژمارەیەک سیاسەتمەداری ئەمریکی ڕاپۆرتێک لەسەر دراوە ئەلکترۆنییان بخەنە ڕوو.


PM:02:19:13/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 325 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو‌