بەرپرسانی بازرگانی ئێران و عێراق لە هەوڵی ئەوە دان شتێك بە ناوی قەدەغەكردنی گواستنەوەی كاڵا نەهێڵن

لە هەرێمی كوردستان ساڵانە بەشێك لەو كاڵایانەی لە سەرووی پێداویستی ناوخۆ بەرهەم دەهێنرێن، هاوردەكردنیان بۆ هەرێمی كوردستان قەدەغە دەكرێت، ئەم هەنگاوەش بۆ پاڵپشتیكردنە لە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و جووتیارانی كوردستان. ئێران بەم بڕیارە ناڕازییە و كار بۆ ئەوە دەكەن لە جێی قەدەغەكردن باجی زیاتر بسەپێنرێت.

بەگوێرەی "ئیرنا"  بەرپرسانی بازرگانی ئێران و عێراق لە هەوڵی ئەوە دان شتێك بە ناوی قەدەغەكردنی گواستنەوەی كاڵا نەهێڵن و لە جێی ئەوە، پێناس و باجی گومركی لەسەر كاڵاكان زیاد بكرێ.

بە بۆچوونی بەرپرسانی بازرگانی ئێران سەپاندنی باج لەسەر كاڵاكان دەتوانێت ئاستی ركابەری كاڵاكان بەهێز بكات و هاوشێوەی بەرهەمەكانی ناوخۆ لە هەرێمی كورستان بەرهەمی دەرەكیش ساغ بكرێنەوە.

پێویستە بوترێت هاوردەكردنی مریشك، هێلكە، جووچكە لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان قەدەغە كراوە. بەگوێرەی سەرچاوەكەی ئێرانیش لە سەردانی شاندی بازرگانی سلێمانی بۆ سنە ئەم پرسە باس كراوە و لەسەری بە جۆرێك رێككەوتننامەی لێكتێگەیشتن گەیشتوون.

خالید جەعفەری بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سنە وتوویەتی هەرێمی كوردستان تەنیا ئەو شوێنە نییە كاڵای ئێرانی لێ ساغ بكرێتەوە، بەڵكو دەروازەیەكیشە بۆ گواستنەوەی كاڵای ئێران بۆ سەرجەم پارێزگاكانی عێراق و قەدەغەكردنی هاوردەی كاڵاش لە لایەن هەرێمەوە كاریگەری خراپی بۆ سەر پرسی بازرگانی نێوان دوو وڵات دەبێت و پێویستی بە بڕیارێكی نوێ هەیە كە لە قازانجی هەردوولادا بێت.




PM:06:02:11/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 153 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌