لە سنە مۆڵێک دەکرێتەوە 70%ی داهاتەکەی بۆ سلێمانییە و 30%ی بۆ سنەیە

لە سنە مۆڵێک دەکرێتەوە بە هاوبەشی لەنێوان پارێزگای سلێمانی و سنە دەبێت و داهاتی پڕۆژەکەش لە 70%ی بۆ کۆمپانیایەکی سلێمانییە و لە 30%ی بۆ شارەوانی سنە.


پڕۆژەی سنە سەنتەر مۆڵ، گەورەترین پڕۆژەی بازرگانییە لەسەر ئاستی هەموو رۆژهەڵاتی کوردستان، بڕیار وایە ساڵ و نیوێکی دیکە بەژن و باڵای تەلارەکە بە تەواوکراوی ببینرێت.


حیشمەتوڵڵا سەیدی، سەرۆکی شارەوانی سنە دەڵێت "بۆ سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە، تەواوی شورای شارەوانی رەزامەند بوون، چونکە دڵنیابوون کارەکە بۆ بەرژەوەندی خەڵکی سنەیە".


سنە سەنتەر مۆڵ، لەسەر رووبەری 15 هەزار و 500 مەتر چوارگۆشە دروستدەکرێت، سەرمایەی دابینکراو 155 ملیۆن دۆلارە.


هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی دەڵێت: "ئومێد دەکەم سەرمایەدارانی دیکەش سەرمایەی نەختێنەیی خۆیان بە دروستکردنی پڕۆژەی لەم جۆرە بپارێزن، ئەمەی کردوومانە، دیاری چەپکە گوڵی سلێمانییە بۆ سنەی خۆشەویست".


پارێزگاری سنە، بانگی هەموو سەرمایەدارانی باشووری کوردستان دەکات بەوەی کە زەوی و رێکاری یاسایی ئامادەیە بۆ هەر کەسێک بیەوێت وەبەرهێنان و پڕۆژە لە تێکڕای سنووری پارێزگاکەدا ئەنجام بدات.


بەهمەن موراد نیا، پارێزگاری سنە دەڵێت: "داوا لە هەموو سەرمایەدارانی هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان دەکەم، بێن و زەوی و هاوکارییمان ئامادەیە و کاری لەم چەشنە بکەن".


داهاتی پڕۆژەکە بە هاوبەشییە، لە 70%ی بۆ کۆمپانیایەکی سلێمانی، لە 30%ی بۆ شارەوانی سنە.


سنە مۆڵ، پێکهاتووە لە چوار نهۆمی بازرگانی، لە سێ نهۆمی سەرەتایدا هەزار دووکان، کافێ و رێستۆرانت، مەلەوانگە و شاری یاری، لە نهۆمی کۆتاییش پارکینگێک بۆ وەستانی هەزار و 200 ئوتۆمبێل دروستدەکرێت.



AM:09:47:07/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 389 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌