لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕدا، هاووڵاتییان ڕوو لە فرۆشتنی زێڕەكانیان دەكەن

لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە بازاڕەكاندا، هاووڵاتییان ڕوو لە فرۆشتنی زێڕەكانیان دەكەن تا قازانج لە سەرمایەیان بكەن و بۆ پێداویستییەكانی ژیانیان بەكاری بهێنن.

كوێستان و هاوسەرەكەی ڕوویان لە دووكانێكی زەڕەنگەری شاری سلێمانی كردووە تا بەشێك لە زێڕەكانیان بفرۆشن لەم كاتی بەرزبوونەوەی نرخە قازانجێك بكەن و بۆ كڕینی پارچەیەك زەویی سوودی لێ ببینن، كوێستان وتی، ماوە شەش ساڵە هاوسەرگیریمان كردووە و خانووی خۆمان نەبوو، بۆیە لە خانووی كرێداین، من و كاروان مامۆستاین و بەشێك لە پارەكانمان پاشەكەوت كردووە تا بتوانین شوێنێكی نیشتەجێبوونی پێ بكڕین.

زیاتر وتی، زێڕ نرخەكەی بەرز بووەتەوە بە دەرفەتمان زانی كە زێڕەكانم بفرۆشم تا سەرمایەمان زیاد بكەین و پارچەیەك زەوی پێ بكڕین تا وردە وردە بیكەین بە خانوو، بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت لە خانووی كرێ و ئیتر ئەو بڕە پارەیەی كە مانگانە دەیدەین بە كرێی خانوو پاشەكەوتی بكەین یا بیدەین بە پێداویستییەكی ناوماڵ یا بۆ پێداویستییەكانی دوو منداڵەكەم بەكاری بهێنم.

دیدار هۆگریش كە بۆ چارەسەری نەخۆشییەكەی پێویستی بە بڕێك پارە بوو بەشێك لە زێڕەكانی هێناوەتە بازاڕی زێڕنگەران و دەیفرۆشێت، دەڵێت: بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری بڕبڕەی پشتم پێویستم بە پارەیە، بەڵام پارەی پاشەكەوتكراوم كەمە بە ناچاری زێڕ بۆ تەواوكردنی پارەی نەشتەرگەرییەكەم دەفرۆشم.

بڕوا جەعفەر كە دوكانێكی زێڕنگەری هەیە لەناو بازاڕ زێڕنگەرانی شاری سلێمانی باس لە هۆكاری گرانبوونی نرخی زێڕ دەكات و دەڵێت: بەهۆی ناكۆكی نێوان ئێران و ڕووسیا و ئەمەریكا و وڵاتە گەورەكانەوە هەیە، هەروەها بەرزبوونەوەی لە بۆرسەی جیهانیدا، ئەم هۆكارانە كار دەكاتە سەر نرخی زێڕ و دراوەكان و كانزاكان، زێڕ بەتایبەتی لەبەرئەوەی كە كانزایەكی گرانبەهایە و لە هەموو دەوڵەتان ڕەواجی زیاترە تەنانەت لە دۆلاریش زیاتر كاری پێ دەكرێت.

بۆ هەر مسقاڵێك زێڕ زیاتر لە 15 – 20 هەزار دینار زیادی كردووە و بۆ هەر كیلۆیەك زێڕیش بڕی زیاتر لە هەزار دۆلار بەرز بووەتەوە، ئەو زێڕانەی كە لە ئێرانەوە دێن نرخیان هەرزانترە و ئەوانەی لە دوبەیەوە دێن نرخیان زیاترە و خواستیان زیاتر لەسەرە.

بڕوا زیاتر وتی، ئێستە خەڵك زیاتر زێڕ دەفرۆشێت وەك لەوەی بیكڕێت، چونكە نایانەوێت زیان بكەن یان پارەیەكی كەمیان دەست بكەوێت، بۆیە كە نرخی زێڕ بەرز دەبێتەوە ئەوكاتە دێن زێڕەكانیان دەفرۆشن، جاران  ژنان و كچان كە دەهاتن بۆ كڕینی زێڕ بە دوای پارچەیەك زێڕدا دەگەڕان كە شێوەكەی جوان بێت، بەڵام ئێستە ئەگەر بیانەوێت زێڕ بكڕن زیاتر لیرە دەكڕن، چونكە لیرە لە كاتی فرۆشتنیشی خاوەنەكەی زیانێكی زۆر ناكات یان هەندێك جار قازانج دەكات، بەڵام ئەگەر پارچە زێڕێكی نەخشداری هەبێت و بیفرۆشێت، ئەوا نرخەكەی زۆر دادەبەزێت و زیان دەكات.



PM:05:59:06/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 157 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌