كۆنفرانسی عه‌ره‌بی - ئه‌ڵمانی به‌رێوه‌ده‌چێت


كۆنفراسنی عه‌ره‌بی - ئه‌ڵمانی له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا به‌رێوه‌ده‌چێت و شاندێكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانیش به‌شدارن.

یاسین ڕه‌حیم، جێگری سه‌رۆكی  ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی رایگه‌یاند ''كۆنفرانسی عه‌ره‌بی - ئه‌ڵمانی ساڵانه‌ له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا رێكده‌خرێت، ئه‌مساڵیش له‌ ٢٢هه‌مین كۆنفراسدا شاندێك ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی كه‌ بانگێشتنامه‌ی تایبه‌تیمان بۆ هاتبوه‌و به‌شدارین، گرنگی ئه‌م كۆنفرانسه‌ش له‌وه‌دایه‌ سه‌رجه‌م زانیاریه‌كان ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندییه‌ ئابوری و بازرگانییه‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بی و وڵاتی ئه‌ڵمانیا ده‌خرێته‌ڕوو''.

راشیگه‌یاند ''شانده‌كه‌ی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا زانیاریه‌كان ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانیه‌كانی نێوان وڵاتی ئه‌ڵمانیا و شاری سلێمانی ده‌خه‌ینه‌ڕوو كه‌ له‌ ئێستادا چه‌ندین بازرگانی شاری سلێمانی كاڵاو شتومه‌ك له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیاوه‌ هاورده‌ی بازاڕه‌كانی كوردستان و عێراق ده‌كه‌ن ئه‌مه‌ش بۆته‌هۆی دروستبونی په‌یوه‌نیدیه‌كی به‌هێز له‌نێوان بازرگانانی هه‌ردولادا''.

یاسین ڕه‌حیم ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا ''له‌كۆنفراسه‌كدا زانیاری ته‌واومان ده‌رباره‌ی شاری سلێمانی خسته‌ڕوو، راشمانگه‌یاند ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی پشتگیری له‌ هه‌موو كارێكی بازرگانی ده‌كات له‌سه‌ر بنه‌مایی به‌هێزی كاری هاوبه‌شی بازرگانی سلێمانی و ئه‌ڵمانی، داواشمان له‌ كۆمپانیا ئه‌ڵمانیه‌كان كرد له‌گه‌ڵ بازرگانانی سلێمانی كارگه‌ و پرۆژه‌ی بچوك و مامناوه‌ند دابمه‌زرێنن''.

شانده‌كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ یاسین ڕه‌حیم، جێگری سه‌رۆكی  ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی، بورهان عه‌لی عه‌بوڵا، ئه‌حمه‌د كه‌لاری، بابان حه‌مه‌ سور، ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كارگێری ژوور.


PM:04:31:25/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 197 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌