باڵیۆزخانەی عیراق لەیۆنان مژدە دەداتە پەنابەران

باڵیۆزخانەی عیراق لە یۆنان خزمەتگوزاریی زیاتر پێشكەشی پەنابەرانی عیراقی لەو وڵاتەدا دەكات و لەدوای دەستبەكاربوونی باڵیۆزی نوێش مژدەی ئەوەی بەپەنابەرانداوە كە دەتوانن پاسپۆرتەكانیان لەنێو باڵیۆزخانەی عیراق نوێ بكەنەوە.

 لەمێژووی باڵیۆزخانەكەدا ئەوە بۆ یەكەمجارە كە هەنگاوی لەوشێوەیە بنرێت و پەنابەران بتوانن لەنێو باڵیۆزخانەدا پاسپۆرتەكانیان نوێ بكەنەوە یاخود كێشە یاساییەكانی پەیوەست بەو پرسە چارەسەر بكەن.

دوای هەوڵی لێبڕاوانەی شۆڕش خالید باڵیۆزی كۆماری عیراق و كارمەندانی باڵیۆزخانەكە لە یۆنان، سەرەنجام ئەوە بڵاوكرایەوە كە لەسەر داواكاری باڵیۆز لیژنەیەكی تایبەت لەوەزارەتی ناوخۆی عیراق بەمەبەستی تازەكردنەوەی پاسپۆرتی پەنابەرانی عیراقیی لە یۆنان و دورگەی قوبرس سەردانی ئەسینای پایتەختیان كردوەو رۆژی 11ی حوەزەیرانی 2019 لەنێو باڵیۆزخانە ئیشو كارو مامەڵەی هاووڵاتییان رایی دەكەن، بۆ ئەو مەبەستەش داوای لەو پەنابەرانە كرد كە كێشەی لە پاسپۆرتەكانیاندا هەیە یاخود بۆ نوێكردنەوەو چارەسەری كێشەكانی یاسایی پەیوەست بەو پرسە، لەسەر بنەمای یاساو رێنماییەكانی وەزارەت و باڵیۆزخانە سەردانی باڵیۆزخانە بكەن.

باڵیۆزخانەی كۆماری عیراق لەیۆنان، لەراگەیەندراوێكیدا ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، كە لیژنەكە لەرۆژی 11ی ئەم مانگەوە بۆماوەی 10 رۆژ دەستبەكاردەبێت، زۆربەی زۆری پرسەكانی پەیوەست نوێكردنەوە یاخود دەركردنی پاسپۆرتی نوێ چارەسەردەكات، بۆ ئەو مەبەستەش داوای لەپەنابەران كرد كە پێویستە پێشتر ناوی خۆیان تۆماركردبێت و لەكاتی سەردانیان بۆ باڵیۆزخانەكە جگە لەوێنەی كەسێتی، یەكێك لە بەڵگەكانی وەكو (پێناسی باری شارستانێتی، رەگەزنامە، یاخود كارتی نیشتمانی) نوسخەی ئەسڵییان پێ بێت.

لەو راگەیەنراوەی باڵیۆزخانەدا چەند رێنماییەكی گرنگیش بۆ پەنابەرانی نیشتەجێی یۆنان و دورگەی قوبرس بڵاوكردوەتەوە كە لەچەند خاڵێك پێكهاتوون و تێیدا جەخت لەپابەندبوونی پەنابەران بەو مەرجانە دەكاتەوە بۆ ئەوەی بتوانرێت لەنزیكترین كاتدا مامەڵەكانیان بۆ جێبەجێبكرێت. 

كۆمیتەی رێكخستنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە یۆنان داوا لە هاووڵاتیانی عیڕاقی و كوردستانی دانیشتووی یۆنان دەكات كە لەو ماوە دیاریكراوەدا كە لەڕێنماییەكانی باڵیۆزخانەدا ئاماژەی پێكراوە سەردانی باڵیۆزخانە بكەن لە ئەسینا بەمەبەستی راییكردنی مامەڵەكانیان و چارەسەری كێشەكانیان. 


AM:09:40:10/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 327 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌