"ژمارەی گەشتیاران لە جەژندا دەگاتە ٢٥٠ ھەزار گەشتیار"

لە میانی رۆژانی جەژنی رەمەزاندا ژمارەیەکی زۆری گەشتیار روویان لە ھاوینەھەوارەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە، بەگوتەی بەرپرسانی گەشتوگوزاری ھەرێم ژمارەی گەشتیاران زۆر زیادی کردووە.

وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، نادر رۆستی وتی: "بە شێوەیەکی گشتی ئاستی گەشتوگوزار لە ھەرێمی کوردستان ساڵ لە دوای ساڵ بەرەو باشتر و پێشکەوتنی زیاتر بەخۆوە دەبینێت لە ھەموو روویەکەوە لە رووی زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران و زیادبوونی شوێن و کوالێتی و دابینکردنی خزمەتگوزاری باشتر و ھەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی تر کە پەیوەستن بە گەشتوگوزارەوە".

نادر رۆستی لە بارەی ئاماری گەشتیاران لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا وتی: "بەپێی ئامارەکانی ئێمە تا رۆژی دووەمی جەژن ١٤٥ ھەزار گەشتیار بووە، چاوەڕوان دەکەین لە ئاماری کۆتایی کە یەک دوو رۆژی داھاتوو بڵاودەکرێتەوە ژمارەی گەشتیارانمان لە ٢٥٠ ھەزار گەشتیار تێپەڕێت".

وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، زۆربەی گەشتیاران لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە ھاتوون، بەشێکی دیکەشیان لە ئێران و بەشێکی کەمیشیان لە تورکیاوە بۆ گەشت ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان.

لە ناوچەی ھەورامان بە گشتی و ھاوینەھەواری ئەحمەد ئاوا بە تایبەتی لە میانی ئەم رۆژانەدا ژمارەیەکی زۆر گەشتیاری لە خۆگرتووە، بەشی زۆری ئەو گەشتیارانەش لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دێن.

بەرپرسانی گەشتوگوزاری ناوچەکەش دەڵێن، ئامادەکاری پێویستیان کردووە بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران و لەخۆگرتنی ژمارەیەکی زۆری گەشتیار.

محەمەد رافع گەنجێکی دانیشتووی شاری بەغدایە و بەگرووپ لەگەڵ کۆمپانیایەکی گەشتیاری لە رۆژانی جەژنی رەمەزان ھاتووەتە ھەرێمی کوردستان، ئەو دەڵێت "لە میانی رۆژانی پشووی جەژن لە بەغداوە ھاتوونەتە سلێمانی، دواتر بۆ ھاوینەھەوارەکانی ھەورامان بە تایبەتی ئەحمەد ئاوا و کاتێکی خۆشیان بەسەر بردووە، دواتریش بەرەو ھەولێر بەڕێدەکەون و سەردانی ھاوینەھەوارەکانی ئەو ناوچەیەش دەکەن".

لەئێستادا کە پلەکانی گەرما لە ھەرێمی کوردستان بۆ سەروو ٤٠ پلە بەرز بوونەتەوە، ھاووڵاتییان بۆ دوورکەوتنەوە لە گەرما و وەرگرتنی پشوو سەردانی ھاوینە ھەوارەکان دەکەن.


PM:05:36:09/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 54 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو‌