پۆڵندا دەیەوێت کاری بازرگانی لەگەڵ سلێمانی بەھێزتر بکات


بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر چۆنیەتی کارکردن بۆ بەھێزکردنی کاری بازرگانی لەنێوان شاری سلێمانی‌و وڵاتی پۆڵندا کونسوڵی ئەو وڵاتە لە ھەولێر سەردانی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی کرد.

یاسین ڕەحیم فەرەج، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی و بەختیار مەحمود، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوور ڕۆژی ٥/٢٨ پێشوازیانکرد لە کونسوڵی وڵاتی پۆڵندا لە ھەولێر.

لەکۆبونەوەکە دۆمه‌نیک میوشاڵ، کونسوڵی پۆڵندا له‌ هه‌ولێر ڕایگەیاند: سەردانی ئێمە بۆ بەھێزکردنی پەیوەندی کاری بازرگانییە بەتایبەتی ئەو گەنجانەی کە دەیانەوێت لەبواری بازرگانی کار بکەن، لە ئێستادا کاری بازرگانی پۆڵندا لەناوخۆدا زۆر بەھێزە بەڵام دەمانەوێت ئەو کاری بازرگانییە بخەینە دەرەوەی پۆڵندا تا بتوانین زیاتر کاری بازرگانی بکەین وە کوردستان بەشێک دەبێت لەو بەرنامانەی دەمانەوێت کاری تێدا بکەین و گرنگی پێبدەین لەڕێگەی ژوورە بازرگانیەکانەوە.

ڕاشیگەیاند: پۆڵندا لەکاری بازرگانی لەپێشە، ئێمە دەمانەوێت گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵی بدەین بەتایبەتی خاکی کوردستان زۆر گرنگە بۆ پرۆژەی کشتوکاڵی وە بازرگانانی پۆڵندا ھانبدەین بێنە کوردستان و کاری بازرگانی ئەنجامبدەن وەبەرھێنان بکەن لەکەرتی کشتوکاڵیدا.

ئاماژەی بەوەشدا: دەمانەوێت کار لەسەر تەکنەلۆژیا بکەین کە لە ئێستادا پۆڵندا لەو بوارەدا بەرەو پێش دەڕوات.

یاسین ڕەحیم فەرەج، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی لە کۆبونەوەکەدا لەدوای بەخێرھاتنی کونسوڵی پۆڵندا ڕایگەیاند: لەدوای دروسبونی رەوشی گرژی نێوان ئەمریکا و ئێران کاری بازرگانانی کوردستان بەشێکیان بەرەو ووڵاتانی ئەوروپا گۆڕاوە یەکێک لە ووڵاتە ئەوروپیانە پۆڵندایە چونکە توانیومانە سود لە کاڵاکانتان وەربگرین.

ڕاشیگەیاند: کوردستان لەئێستادا بەرەو پێشچونی باشی بەخۆیەوە بینیوه‌ لەکەرتی کشتوکاڵ بەتایبەتی خانوی پلاستیکی، ھەوڵەکان بەردەوامە بۆ گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵی، لە ئێستاشدا كۆمپانیا ھەیە دەیەوێت لە پۆڵندا خۆی تۆمارکات و کارەکانی بەرێتە ئەوروپا بۆ کاری بازرگانی.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا ئێمە زۆر پێویستمان بە تەکنەلۆجیای مۆدێرنە بەتایبەت لە کەرتی کشتوکاڵیدا بۆیە پێویستە پۆڵندا بەگرنگی زیاترەوە بێتە کوردستان و کارەکان زیاتر گرنگی پێبدات چونکە ووڵاتانی دیکەی ئەوروپی بەرەو پیری کوردستان دێن بەتایبەت لەکەرتی کشتوکاڵی چونکە ئەم کەرتە لەکوردستان بەھێزە و که‌ش‌و هه‌واو شروشت و خاکی کوردستان زۆر له‌باره‌ بۆ وه‌به‌رهێنان.

ئاماژەی بەوەشدا: ئێمە دەمانەوێت کارئاسانی بۆ بازرگانان و خاوەنکاران بکرێت لە کونسوڵیەتی پۆڵندا تا بتواندرێت کاری ھاوبەشی زیاتر بکرێت، بازرگانان و وەبەرھێنانی پۆڵندا سەردانی شاری سلێمانی بکەن ئاشنایان بکەین بەکەرتی بازرگانی و وەبەرھێنان و کشتوکاڵی تا بتوانن لە نزیکەوە ئاشناببن بەو ئاسایش و ئارامیەی لەشارەکانی کوردستان ھەیە و مەترسیان بۆ دروست نابێت.

جێگری سەرۆکی ژوور جەختیکردەوە شاری سلێمانی یەکەمە لەسەر ئاستی پیشەسازی وە خاکەکەی یەکێکە لەخاکە باشەکان بۆ کەرتی کشتوکاڵی وە بینای پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانیمان ھەیە کەساڵانە دەکرێتەوە، کۆمپانیاکانی پۆڵندا ھانبدرێن بێن و بەشداری لەو پێشانگایە بکەن و کاڵاکانیان نمایش بکەن و ئاشنای زیاتر دروستبێت لەنێوان ھەردوولادا.

ئەوەش ڕونکرایەوە لەئێستادا شاری سلێمانی لە بواری پیشەسازی گەورەدا سەرکەوتووە بەڵام لە کارگەی مام ماوەند و بچوکدا کارەکان ڕاوەستاوە بۆیە پێویستمان بەگەرخستنەوەی ئەو کارگانەیە و  گرنگی زیاتری پێ بدەین.

لەبارەی کاری ژووری بازرگانیەوە یاسین ڕەحیم ڕایگەیاند: ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بە چالاکترین ژوور دادەندرێت کە بەردەوام چالاکی گەورەی ئەنجامداوە لەھەموو بوارەکاندا لەگەڵ ووڵاتانی ئەوروپا، ئێستاش ژووری بازرگانی سلێمانی سەرقاڵی کارکردنە لە دروستکردنی گەنجینە بۆ بازرگانان کە لە سەر ئاستی عێراق مۆدێرترین ناوچەی پیشەسازی دەبێت بەھەموو جۆرە خزمەتگوزاریەکەوە.

دەربارەی شاری سلێمانی جێگری سەرۆکی ژوور ڕایگەیاند: لەشاری سلێمانی لەڕووی کلتوریەوە حکومەتی ھەرێم بە شاری ڕۆشنبیری دایناوە کە شاری سلێمانی لەیەکەمەکانە لەڕوی ڕۆشنبیریەوە وە بەشێکی باش لە زانکۆی کەرتی تایبەت و حکومت تێدایە و ساڵانە چەندین خوێندکار لە بوارە جیاوازەکاندا دەردەچن.

دەربارەی کاری ھاوبەشی بازرگانی نێوان سلێمانی و پۆڵندا ئاماژە بەوەکرا کە لەبواری دەرمان و جلوبەرگی منداڵان و خۆراک کاری ھاوبەش ھەیە لەنێوان بازرگانانی سلێمانی و پۆڵندا.


AM:11:17:28/05/2019




ئه‌م بابه‌ته 318 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌