شاندێکی بازرگانی‌و گه‌شتوگوزاری سنە سه‌ردانی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سليمانی ده‌کات


شاندێکی بازرگانی‌و گه‌شتوگوزاری سنە بەمەبەستی بەھێزکردنی پەیوەندییە بازرگانی‌و ئابوورییەکان سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی کرد.

شاندەکەی سنە پێکھاتبوو لە نوێنەری گەشتوگوزاری سنە و سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتێل و ریستورانتەکان و ژووری بازرگانی و سەرۆکی کۆمپانیا گەشتوگوزاریەکانی سنە و نوێنەری کونسوڵگەری ئێران لە سلێمانی، لەلایەن یاسین رەحیم، چێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی  و پیشەسازی سلێمانیەوە پێشوازیان لێکرا.

یاسین رەحیم، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە کۆبونەوەکەدا رایگەیاند "ئێمە پەیوەندی کۆن و لە مێژینەمان لەگەڵ پارێزگای سنە ھەیە، لە ئێستادا کە باردۆخی ئابووری ئێران بەکاتێکی دژواردا تێدەپەرێت ئامادەین وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ھەموو جۆرە ھاوکاریەکتان بکەین بەمەبستی بەھێزکردنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابووریەکانی نێوانمان".

راشیگەیاند "ھەر ھاوڵاتیەکی ئێرانی بە پشتگیری و نوسراوی رەسمی سەردانمان بکات لە ژوور ھەموو جۆرە ئاسانکاری و ھاوکاریەکیان دەکەین".

حەمید حەمیدیان، سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتێل و ریستورانتەکانی سنە لە کۆبونەوەکەدا وتی: خۆشحاڵ دەبین لە کاتی سەردانەکانی شاندەکانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی سەردانی سنەش بکەن، ئاماژەی بەوەش کرد ''داواکارین ھاوکاریمان بکەن پێشەنگایەکی گەشتوگوزاری تایبەت بە شوێنە گەشتیاریەکانی سنە لە سلێمانی بکەینەوە، تاکو شوێنە گەشتیاریەکانی سنە بە ھاوڵاتیانی سلێمانی ئاشنا بکەین".


PM:12:27:21/05/2019




ئه‌م بابه‌ته 243 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌