حكومه‌تی عێراق بڕیارێكی نوێ له‌باره‌ی خاڵه‌ گومرگییه‌كانی هه‌رێم ده‌دات

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گومرگی هه‌رێم ئاشكرایده‌كات: حكومه‌تی عێراقی ره‌زامه‌ندی داوه‌ تا شه‌ش مانگی دیکە سه‌رپه‌رشتیكردنی خاڵه‌ گومرگییه‌كان لای هه‌رێمی كوردستان بێت. 

ساماڵ عه‌بدولڕه‌حمان، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گومرگی هه‌رێم له‌ وه‌زاره‌تی دارایی (ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 20ی ئایاری2019) به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: حكومه‌تی هه‌رێم داواكارییه‌كی ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی عێراق كردووه‌ له‌باره‌ی سه‌رپه‌رشتیكردنی خاڵه‌ گومرگییه‌كان كه‌ تاوه‌كو شه‌ش مانگی دیکە راده‌ستكردنی ئه‌و خاڵه‌ گومرگییانه‌ دوابخرێت. 

وتیشی: "عێراق ره‌زامه‌ندیداوه‌ تا شه‌ش مانگی دیکە سه‌رپه‌رشتیكردنی خاڵه‌ گومرگییه‌كانی هه‌رێم لای حكومه‌تی هه‌رێم خۆی بێت و له‌ دوای شه‌ش مانگی دیکە گه‌ر كاره‌ كارگێڕی و یاساییه‌كان ته‌واوكران ئه‌وكاته‌ خاڵه‌ گومرگییه‌كانی هه‌رێم راده‌ستی به‌غدا ده‌كرێن و له‌وانه‌شه‌ دیسان كاته‌كه‌ درێژبكرێته‌وه‌". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: گه‌ر خاڵه‌ گومرگییه‌كان راده‌ستی حكومه‌تی عێراقیش بكرێن له‌ رووی ئابورییه‌وه‌ هیچ زیانێك به‌ هه‌رێمی كوردستان ناگات و بگره‌ هیچ جیاوازییه‌كیش روونادات، ته‌نیا سه‌رپه‌رشتیكردنه‌كه‌ی له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ ده‌بێت، به‌ڵام له‌ رووی ئیدارییه‌وە هه‌رێمی كوردستان كاره‌كان راده‌په‌ڕێنێت.


PM:11:43:20/05/2019




ئه‌م بابه‌ته 518 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌