یاسین رەحیم:پرۆسەی تایبەتسازیی لەکوردستان بەبێ سەقامگیریی سیاسی‌و ئابوری‌و سەروەری یاسا ئەزمونێکی سەرکەوتو نابێت"

بەڕێز یاسین رەحیم فەرەج، جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ گۆڤاری "سامان" سەبارەت بەپرۆسەی تایبەتسازی لەهەرێمی کوردستان، دەڵێت "پرۆسەی تایبەتسازیی لەکوردستان بەبێ سەقامگیریی سیاسی‌و ئابوری‌و سەروەری یاسا ئەزمونێکی سەرکەوتو نابێت". بەڕێز یاسین رەحیم لەساڵانی رابردودا چەند پۆستێكی پێسپێردراوەو ئێستا جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانییە ئاماژە بەوە دەکات كە دۆخی ئێستای کوردستان دۆخێکی گونجاوو لەبار نییە بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی تایبەتسازی بەشێوەیەکی تەندروست، لەبەرئەوەی هەرێمی کوردستان سەقامگیریی سیاسی‌و ئابوری تەواو بەدینەهاتوەو سەروەری یاسا وەک پێویست بەدیناکرێت، کە دو مەرجی گرنگن بۆ ئەزمونی تایبەتسازی بەشێوەیەکی سەرکەوتو، ئەو وتی "ئامانج لەتایبەتسازی لەهەمو دنیادا بریتییە لەپێشخستنی توانای ئابوری‌و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان‌و کەمکردنەوەی خەرجییە گشتییەکان‌و چاکسازی کارگێڕی‌و هێنانەکایەی سیستەمێکی نوێی ئابورییە کە تیایدا کۆتایی بەقۆرغکاریی دێ‌و لەسەر بنەمای بازاڕی ئازادو کێبڕکێ کار دەکات. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا پرۆسەی تایبەتسازی لەکوردستان لەسایەی ئەم قەیرانە ئابورییەی ئێستا‌و کەمبونەوەی گوژمەی پارە لەبازاڕو ناسەمگیریی سیاسی‌و ئابوریی‌و نەبونی سەروەری‌ یاساو قانونێکی تایبەت بەپرۆسەی تایبەتسازی‌و پلانێکی تۆکمەدا، پرۆسەیەکی سەرکەوتو دەبێت‌و دەتوانێت ئەم ئامانجانە بەدیبهێنێت؟". وتیشی "پرۆسەی تایبەتسازی دەبێت وەک بەشێک لەپرۆسەی چاکسازی ئابوری لەبەرچاو بگیرێ‌و لەسایەی دامەزراوەی یاسایی‌و لەچوارچێوەی یاساو چاودێرییەکی کاراو شەفافدا ئەنجامبدرێت". بەڕێز یاسین رەحیم ئەوەی رونکردەوە کە تایبەتسازی لەزۆربەی وڵاتانی جیهان‌و ئەزمونە سەرکەوتوەکاندا بەئامڕازێک دادەنرێت بۆ سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی سەروەت‌و سامان‌و داهات لەنێو هاوڵاتیاندا لەڕێگەی پشکەوە، ئەو وتی "هەمیشە لەکاتی ئەنجامدانی پرۆسەی تایبەتسازیدا ئەم پرسیارە دەکرێت کە موڵکایەتی‌و دارایی‌و کارگەو کۆمپانیاکانی حکومەت بەکێ دەسپردرێت‌و داهاتەکانی لەنێوان کێدا دابەش دەکرێت؟ بەسەرنجدان لەوەی کە دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەروەت‌و سامان یەکێکە لەئامانجەکانی تایبەتسازی". هەربۆیە پێشبینی دەکات پرۆسەی تایبەتسازی لەکوردستان ئەنجامی نەخوازراوی وەک هەڵکشانی رێژەی بێکاری‌و گەشەی گەندەڵی لێبکەوێتەوە، بەهۆی پەیڕەو نەکردنی سیستەمێکی چاودێری‌و لێپرسینەوەی کاراوە، لەبری ئەوەی مافی کرێکارو کارمەندو بەکاربەرو هاوڵاتیان بپارێزرێ‌و زۆربەی خەڵکی لەتایبەتسازی سودمەند بن‌و کێبڕکێ لەبازاڕدا دروست بکات، تەنها لەبەرژەوەندی‌و قازانجی گروپێکی دیاریکراودا دەبێت. دەربارەی ئەوەی تا چەند دەكرێ پڕۆسەی تایبەتسازی لەكەرتێكی دیاریكراو ئەنجام بدرێت‌و لەكەرتێكی دیكە نەكرێت، ئەو گوتی "مەرج نییە پرۆسەی تایبەتسازی لەهەمو کەرتەکاندا وەک یەک سەرکەوتو یاخود شکستخواردو بێت، بۆ نمونە سەرباری هەمو تێبینییەک هەندێ ئاماژەی دڵخۆشكەر هەن بۆ ئەزمونی کەرتی تایبەت لەبواری خوێندندا، هەرچەندە بەبڕوای من پێویستە زۆر بەوریایی‌و بەپێی مەرج‌و پێوەری مۆدرێن‌و یاسایەکی تایبەت خزمەتگوزارییە گرنگەکانی وەک پەروەردەو تەندروستی‌و ئاوو کارەباو رێگەوبان بەتایبەتی بکرێن". وتیشی "پڕۆسەی تایبەتسازی لەهەر كەرتێكدا بکرێت، پرسیارێك دێتەپێشەوە ئەویش ئەوەیە كە ئایا ژینگەی كاركردن لەڕووی خزمەتگوزاریی‌و كارگێڕییەوە چ لە فەرمانگەكانی حكومەت بێت، یان كەرتی تایبەت لەبارن بۆ ئەم پڕۆسەیە، بۆ نموونە هەلومەرجی پەیوەست بەبانكەكان‌و دڵنیایی، یان هەبوون‌و نەبوونی ئەو داتایانەی یارمەتیدەر دەبن بۆ ئەم پڕۆسەیە، ئایا هەموو ئەمانە لەبارن؟ ئایا بزوێنەری پرۆسەی تایبەتسازی ئیرادەیەکی بەهێزی ناوخۆییە یان تەنها فشاری دەرەکی‌و رێکخراوە نێودەوڵەتییە ئابورییەکانە؟ ئەم پرۆسەیە بەچەند قۆناغ ئەنجام دەدرێ‌و چ مۆدیلێک لەتایبەتسازیی پەیرەو دەکرێ؟ ئایا لەپرۆسەی تایبەتسازی کەرتە ئابورییەکاندا چاودێری‌و لێپرسینەوە ئامادەیەو شەفافیەت پەیڕەو دەکرێ‌و رێگەنادرێ وەبەرهێنەرانی ئەو کەرتانە تەنها چاویان لەسەر سودو قازانج بێت؟ ئایا ئەم پرۆسەیە لەژێر چاودێری ناوەندو کەسانێکدا بەڕێوەناچێت کە خۆیان سوودمەند بن لەتایبەتسازیی؟ ئایا تایبەتسازی بەشێوەی زیادکردنی ئاشکرا ئەنجامدەدرێ‌‌و موڵکایەتی گشتی بەشێوەی پشک دەگوازرێتەوە بۆ کەرتی تایبەت‌و هاوڵاتیان یاخود بەنهێنی موڵک‌و ماڵی گشتی لەم پرۆسەیەدا هەراج دەکرێ؟ ئایا ئەم پرۆسەیە تا چەند دەبێتە هۆی جوڵەی بازاڕو ئابوری‌و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان‌و کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری‌و چالاکتر کردنی پڕۆژەو کەرتە خزمەتگوزارییەکان؟". بەڕێز یاسین رەحیم ئاماژە بەوە دەکات لەچەندین رەهەندەوە هەرێمی کوردستان بەتەواوی ئامادە نییە بۆ ئەنجامدانی ئەم پڕۆسەیە، ئەو وتی "هۆكاری سەرەكی‌ ئەمەش وەک ئاشکرایە ئەو گەندەڵییە فراوانەیە کە هەموو بوارەکانی گرتوەتەوە، ئەمەش كاریگەریی گەورەی هەبووەو وایكردووە پڕۆسەی چاكسازیی ئابوری قورس‌و زەحمەت بێت، لێرەوە دەردەكەوێ كە شەفافییەت و چاودێری و لێپرسینەوە وەكو هۆكارێكی سەرەكی بۆ جێبەجێكردنی ئەم جۆرە بەرنامەیە چەند گرنگ و پێویستن". سەبارەت بە هەبوونی گیانی دەستپێشخەری و بەرپرسیارێتی، چ لە لایەن حكوومەتەوە بێت یان لەلایەن كەرتی تایبەت، بەڕێز یاسین جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە هەردو لایەنی حکومی‌و کەرت تایبەتیش لەسەر ئەو خاڵە کۆکن کە پێشخستنی ئابوری کوردستان بەبێ کەرتێکی تایبەتی بەهێز بەدینایە، یەکێک لەهەنگاوەکانی بەهێزکردنی کەرتی تایبەتیش ئەنجامدانی تایبەتسازییە لەچوارچێوەی یاساو پرۆسەیەکی گشتگیری چاکسازییدا، عەقڵییەتی سیاسی ئەوە دیاری دەكات تا چەند ئیڕادەی سیاسی لەم ڕووەوە ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەیەکی تەندروست‌و زەمینەسازیی کردن بۆ گیانی دەستپێشخەریی‌و بەرپرسیارێتی لەلایەن حكومەت‌و کەرتی تایبەتەوە بۆ ئەوەی پرۆسەی تایبەتسازی ئەزمونێکی سەرکەوتو بێت‌و ببێتە بزوێنەری ئابوریی‌ نیشتمانیی، ئەو وتی "ئەم ئیرادەیەش پەیوەستە بەچەندێتی پاڵپشتیكردنی جددی بۆ سەركەوتنی هەر ئاراستەیەكی نوێ لە چاكسازیی ئابووری، لەوانەش پڕۆسەی تایبەتسازی. ئەمەش دەگەڕێتەوە سەر ئاستی گرنگیدانی ئەو دامەزراوەیەی پاڵپشتیی پڕۆسەكە دەكات و ئەو لایەنەی پلانەكە دادەڕێژێ و بەدواداچوون بۆ بەرنامەكە دەكات و ئاستی خێرایی كاركردن و كاتی بڕیاردان". لە كۆتاییدا لە بەڕێز یاسینمان پرسی كە ئایا چ هۆكارێك لە پشت لاوازیی ئاستی كادیرو كارمەندانە چ لەكاری كەرتی گشتی‌و چ لەكەرتی تایبەت، كە ڕێگرن لەبەردەم سەركەوتنی ئاستی پێویستی پڕۆسەیەكی وەكو بەتایبەتكردن لەداهاتوویەكی نزیكدا، ئەو جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە تا ئێستا سیاسەتێکی دروست‌و میکانیزمێکی گونجاو بۆ تایبەتسازی لەکوردستان دانەڕێژراوە، ئەو وتی "ئەمە هۆکارێکی گرنگە کەوا دەکات ئاستی کارمەندو کەسانی پسپۆرو شارەزاش چەند بەرزیش بێ لەکەرتی گشتی‌و تایبەتیشدا لەئاستی خوازراوو پێویستدا دەرنەکەوێ، بەسەرنجدان لەوەی سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە پێویستی بەدەستەبەرکردنی چەندین کەرەسەیە، کە گرنگترینیان یاسایەکی گونجاوو پەیڕەوکردنی چاودێری‌و لێپرسینەوەو شەفافیەتە".


 


PM:08:30:18/05/2019




ئه‌م بابه‌ته 521 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو‌