له‌ عێراق ئه‌و کەسانەی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كه‌رتی بانكی ده‌كه‌ن به‌ڕێژه‌ی 23 له‌سه‌دا زیادیكردووه‌

به‌پێی رابیته‌ی بانكه‌ تایبه‌تییه‌كانی عێراق رێژه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی هه‌ژماره‌ بانكییه‌كانیان له‌ رێگه‌ی مۆبایله‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌بن بۆ 4،2 له‌سه‌د زیادیكردووه‌. 

رابیته‌ی بانكه‌ تایبه‌تییه‌كانی عێراق له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا سه‌باره‌ت به‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ بانكه‌كاندا له‌ عێراق ئه‌وه‌ی ئاشكراكردووه‌ رێژه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی پێگه‌یشتوون و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بانكه‌كاندا ده‌كه‌ن رێژه‌یان بۆ 23 له‌سه‌د زیادیكردووه‌، له‌كاتێكدا ئه‌و رێژه‌یه‌ له‌ ساڵی 2014دا، ته‌نها 11 له‌سه‌د بووه‌، هۆكاری ئه‌وه‌ش متمانه‌پێكردنی هاووڵاتییانه‌ به‌ كه‌رتی بانكی له‌عێراق. 

به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری رابیته‌كه‌، عه‌لی تارق له‌وباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌ "په‌یوه‌ندی نێوان هاووڵاتییان و كه‌رتی بانكی به‌ره‌و باشتر ده‌ڕوات و له‌ قۆناغی ئێستادا به‌تایبه‌ت، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌و پاڵپشتییه‌یه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ بانكی ناوه‌ندیی عێراق پێشكه‌شی كه‌رتی بانكی ده‌كات له‌ پاڵ كرانه‌وه‌ی عێراق به‌ڕووی بازرگانیی ده‌ره‌كی و رێوشوێنه‌كانی بانكی ناوه‌ندیی عێراق له‌ پرسی ششتنه‌وه‌ی پاره‌ و پاره‌داركردنی تیرۆر و دانانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ت له‌ بانكه‌كان و هۆكاری دیكه‌ش". 

تارق ئه‌وه‌شی روونكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ زۆرینه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بانكه‌كاندا ده‌كه‌ن له‌ توێژی گه‌نجانن، ئه‌مه‌ش رێژه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بانكه‌كاندا ده‌كه‌ن بۆ 23 له‌سه‌د زیادكردووه‌، هه‌روه‌ها رێژه‌ی ئه‌و عێراقییانه‌ی هه‌ژماره‌ بانكییه‌كانیان له‌ رێگه‌ی مۆبایله‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌بن بۆ رێژه‌ی 4،2 له‌سه‌د زیادیكردووه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌و رێژه‌یه‌ له‌ ساڵی 2014 هیچ نه‌بوو". 

رابیته‌ی بانكه‌ تایبه‌تییه‌كانی عێراق له‌ درێژه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا ئه‌وه‌شی ئاشكراكردووه‌ "نزیكه‌ی 20 له‌سه‌دی عێراقییه‌كان له‌ رێگه‌ی میكانیزمه‌ نوێیه‌كانه‌وه‌ پاره‌ وه‌رده‌گرن و ده‌نێرن، ئه‌وه‌ش له‌ رێگه‌ی كڕین له‌ ئینته‌رنێت و دانی پاره‌ی كاره‌با و ئینته‌رنێت و شتی دیكه‌ش".


PM:02:51:07/05/2019




ئه‌م بابه‌ته 147 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌