لابردنی پاره‌ی ڤیزا گه‌شتیاری ئێران بۆ كوردستانی دوو هێنده‌ زیاد كردووه‌


دوای بڕیاره‌كه‌ی ئێران بۆ لابردنی پاره‌ی ڤیزا، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش به‌ فه‌رمی لابردنی پاره‌ی ڕسووماتی له‌سه‌ر گه‌شتیاره‌ ئێرانییه‌كان راگه‌یاند. گه‌شتوگوزاری سلێمانی ده‌ڵێت، به‌هۆی ئه‌و دوو بڕیاره‌وه‌ گه‌شتیاری هه‌ردوولا به‌ رێژه‌ی 100% زیادی كردووه‌. به‌ڵام ئابووریناسێك هۆشداری ده‌دات كه‌ زیان به‌ ئابووری هه‌رێم ده‌گات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سووده‌ ئابوورییه‌كانیشی ده‌خاته‌ ڕوو.

پێشتر هه‌ر هاووڵاتییه‌كی هه‌رێمی كوردستان ئه‌گه‌ر سه‌ردانی ئێرانی بكردایه‌، له‌ كونسوڵگه‌ له‌ به‌رانبه‌ر یه‌ك ڤیزا بڕی 60 بۆ 65 هه‌زار دیناری لێ وه‌رده‌گیرا، هه‌روه‌ها له‌ به‌رانبه‌ردا هه‌ر هاووڵاتییه‌كی ئێرانی سه‌ردانی هه‌رێمی بكردایه‌ له‌ مه‌رزه‌كانه‌وه‌ بڕی 25 هه‌زار دیناری وه‌ك ڕسوومات لێ وه‌رده‌گیرا، ئێسته‌ هه‌ردوولا ئه‌و بڕه‌ پاره‌یان لابردووه‌ و به‌ بۆچوونی شاره‌زایه‌كی ئابووری، هه‌رێم و ئێران سوودێكی زۆر له‌و بڕیارانه‌ وه‌رده‌گرن. هاوكات باس له‌ زیانه‌كانی ئه‌و بڕیاره‌ ده‌كات كه‌ بۆ هاووڵاتییانی ئێران دراوه‌.

یاسین ڕه‌حیم جێگری سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی، به‌"وشه‌"ی ڕاگه‌یاند، پێشتر ژووری بازرگانی سلێمانی كاری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرد به‌بۆنه‌ی نه‌ورۆزه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی 10 ڕۆژ پاره‌ی ره‌سوومات له‌ گه‌شتیاره‌ ئێرانییه‌كان وه‌رنه‌گیرێت تا زۆرترین هاووڵاتیی سه‌ردانی سنووری سلێمانی بكه‌ن، چونكه‌ بێ بازاڕی ڕووی له‌ ناوچه‌كه‌ كردبوو، دواتر له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نشینگه‌وه‌ به‌ هاوكاری وه‌زاره‌تی ناوخۆ و به‌ تایبه‌ت وه‌زیری ناوخۆ كه‌ریم سنجاری، ئه‌و بڕیاره‌ په‌سه‌ند كرا و به‌هۆیه‌وه‌ له‌ نه‌ورۆزدا هاتنی گه‌شتیاری ئێرانی به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر زیادی كرد.

ئه‌وه‌شی وت، "پێش ته‌واوبوونی ماوه‌كه‌، عێراق و ئێران بڕیاریان دا ڤیزا له‌ نێوانیان نه‌مێنێت. دوای سه‌ردانه‌كه‌ی حه‌سه‌ن ڕوحانی سه‌رۆك كۆماری ئێران بۆ عێراق و لابردنی پاره‌ی ڤیزا له‌سه‌ر هاووڵاتییانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمیش به‌ فه‌رمی بڕیاری دا ئه‌و ڕسووماته‌ی كه‌ 25 هه‌زار دینار بوو له‌ مه‌رزه‌كان له‌ هاووڵاتییه‌ ئێرانییه‌كان وه‌رده‌گیرا، لاببرێت و چیتر ئه‌و پاره‌یه‌ نه‌ده‌ن".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "لابردنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ له‌سه‌ر هاووڵاتییانی ئێران كه‌ ئێسته‌ به‌های تمه‌ن زۆر دابه‌زیوه‌، وا ده‌كات زۆرترین گه‌شتیاری ئێران سه‌ردانی هه‌رێم بكه‌ن، چونكه‌ 25 هه‌زار دیناری عێراقی به‌رانبه‌ر به‌ زیاتر له‌ 300 هه‌زار تمه‌نه‌ كه‌ بۆ هاووڵاتییانی ئێران پاره‌یه‌كی زۆره‌".

هه‌رێم و ئێران پێوه‌ندیی قووڵی مێژووییان هه‌یه‌ و نزیكه‌ی ده‌ ملیۆن كورد له‌ رۆژهه‌ڵات ده‌ژین كه‌ جۆره‌ها پێوه‌ندییان به‌ كوردستانی باشووره‌وه‌ هه‌یه‌ و به‌رده‌وام هاتوچۆ ده‌كه‌ن.

ئارام شوانی به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی گه‌شتوگوزاری سلێمانی،  ڕاگه‌یاند، هه‌ردوو بڕیاره‌كه‌ی كۆماری ئیسلامیی بۆ لابردنی پاره‌ی ڤیزا و نه‌مانی ڤیزا، له‌گه‌ڵ بڕیاره‌كه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ هه‌ڵگرتنی پاره‌ی ڕسوومات له‌ گه‌شتیاره‌ ئێرانییه‌كان، گرنگ و به‌جێ بوون، چونكه‌ گه‌شتیاری هه‌ردوولا به‌ڕێژه‌ی 100% زیاد ده‌كات.

به‌گوته‌ی شوانی "كاتێك ئێران بڕیاری دا ڤیزا له‌سه‌ر هاووڵاتییانی عێراق لاببات، ئه‌وه‌ وای كرد هاووڵاتییانی هه‌رێم به‌هۆی ئه‌وه‌ی هاووڵاتییه‌كی هه‌رێم و عێراق كه‌ له‌ ئه‌وروپا داده‌نیشێت و ترسی له‌وه‌ هه‌بوو بچێته‌ ئێران به‌هۆی ڤیزاكه‌یه‌وه‌ تووشی گرفت بێت، كاتێك ئه‌و ڤیزایه‌ نه‌ما، ئه‌وه‌ وایكرد خه‌ڵكێكی زۆر به‌ لێشاو ڕوو بكه‌نه‌ ئێران".

به‌پێی ئاماره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌، له‌ هه‌ردوولاوه‌ هاتن و چوونی گه‌شتیاران بۆ ئێران و هه‌رێمی كوردستان بۆ دوو هێنده‌ زیادی كردووه‌، به‌ تایبه‌ت هاتنی گه‌شتیاری ئێرانی به‌ ڕێژه‌ی 110% زیادی كردووه‌.

باسی له‌وه‌ش كرد، ئه‌گه‌ر پێش لابردنی ڤیزای ئێران ڕۆژانه‌ 500 هاووڵاتیی ڕۆشتبنه‌ ئێران، ئێسته‌ بۆ هه‌زار به‌رز بووه‌ته‌وه‌ و گه‌شتیاری ئێرانیش به‌هه‌مانشێوه‌.

له‌ هه‌رێمی كوردستان زۆرینه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپایی كونسوڵگه‌یان هه‌یه‌ و به‌گشتیی له‌ناو هاووڵاتییان وا بڵاوه‌ كه‌ هه‌ر پاسپۆرتێك ڤیزه‌ی ئێرانی له‌سه‌ر بێت، وڵاتانی ئه‌وروپا ڤیزای پێ ناده‌ن.

نه‌وزاد شێخ كامیل سه‌رۆكی لقی سلێمانی سه‌ندیكای ئابووریناسانی كوردستان، ڕاگه‌یاند، له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ی ئێران و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌شتیاران درا، هه‌ردوولا سوودێكی زۆر وه‌رده‌گرن و به‌هۆیه‌وه‌ گه‌شتیاری زۆر له‌ هه‌ردوو وڵاته‌وه‌ سه‌ردانی یه‌كتری ده‌كه‌ن.

وه‌ك نه‌وزاد ده‌ڵێ "ئه‌مه‌ وا ده‌كات له‌لایه‌ك پاره‌یه‌كی زۆر له‌ هه‌رێمه‌وه‌ ببرێت و له‌ ئێران خه‌رج بكرێت، له‌ به‌رانبه‌ردا پاره‌ی گه‌شتیاره‌ ئێرانییه‌كانیش له‌ هه‌رێمی كوردستان خه‌رج بكرێت".

"پێشتر ئه‌گه‌ر خێزانێكی هه‌رێم سه‌ردانی ئێرانیان بكردایه‌، بۆ سێ ڤیزا نزیكه‌ی 200 هه‌زار دیناریان لێ وه‌رده‌گیرا، ئێسته‌ ئه‌و پاره‌یه‌ نه‌ماوه‌ و ئه‌و 200 هه‌زاره‌ به‌شێك له‌ خه‌رجی ڕۆیشتن و مانه‌وه‌یان له‌ ئێران ده‌كات، به‌وه‌ش ئێران سوودێكی پێ ده‌گات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر خێزانێكی سێ كه‌سی له‌ ئێران بهاتنایه‌ بۆ هه‌رێم، 75 هه‌زاریان لێ وه‌رده‌گیرا كه‌ نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن تمه‌نی ئێرانی ده‌كرد، ئه‌و پاره‌یه‌ش زۆر بوو بۆ هاووڵاتیی ئێران چونكه‌ به‌های پاره‌كه‌یان دابه‌زیوه‌، به‌ڵام ئێسته‌ ئه‌و پاره‌یه‌ له‌ بری ئه‌وه‌ی بیده‌ن به‌ ڕسوومات، ده‌یهێنن له‌ ناو هه‌رێم خه‌رجی ده‌كه‌ن به‌وه‌ش هه‌رێم سوودی لێ وه‌رده‌گرێت" ئابووریناسه‌كه‌ وای وت.

به‌ڵام سه‌رۆكی ئابوریناسانی سلێمانی باسی مه‌ترسییه‌كی هاووڵاتییانی ئێرانی كرد كه‌ به‌هۆی بڕیاره‌كه‌ی حكوومه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌بێ پاره‌ دێنه‌ هه‌رێم و وتی، "ئه‌و بڕیاره‌ وا ده‌كات هه‌ر هاووڵاتییه‌كی ئێران ئه‌گه‌ر كه‌سێكی خراپ بێت بێته‌ ناو خاكی هه‌رێم و پشێو دروست بكات، یان وا ده‌كات زۆرترین ئێرانی بێنه‌ ناو خاكی هه‌رێم بۆ كاركردن و له‌ به‌رانبه‌ردا به‌ پاره‌یه‌كی كه‌متر له‌ كرێكاری ناوخۆ كار بكه‌ن، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات ده‌ستحه‌ق بۆ كرێكاره‌كانی ناوخۆ كه‌م بێته‌وه‌ و له‌و ڕووه‌وه‌ هه‌رێم زیان ده‌كات، به‌ڵام له‌ هیچ حاڵه‌تێكدا بڕیاره‌كه‌ی ئێران بۆ ڕۆیشتنی هاووڵاتییانی هه‌رێم به‌بێ ڤیزا زیان به‌ ئێران ناگه‌یه‌نێت".


PM:08:27:04/05/2019




ئه‌م بابه‌ته 333 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌