هەرێمی كوردستان بەرەو ئاسۆیەكی گەش و قـۆناغێكی نوێ


ئێستا هەرێمی كوردستان بەرەو ئاسۆیەكی گەش‌و قۆناغێكی نوێ هەنگاو دەنێت‌و قەیرانی دارایی بەرەو كۆتایی دەچێت‌و شەڕی داعش كۆتایی پێ هاتووەو رەوشی بازرگانیی هەرێمیش لەبەرەو پێشچووندایە، بەمەش رۆژانە كۆمپانیا بیانیەكان روو لەهەرێم دەكەن‌و دەیانەوێت كاری وەبەرهێنان لەناوچەكە ئەنجام بدەن.

ئاڵوگۆڕی بازرگانی
ئەیاد حەسەن سەرۆكی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازیی دهۆك رایگەیاند، هەرێمی كوردستان چوار ساڵ قەیرانی سەختی ئابووریی تێپەڕاندو كۆتایی هات‌و هەردوو حكومەتی هەرێم‌و عیراقیش توانیان بگەنە چوارچێوەو رێكەوتنێكی گونجاو بۆ چارەسەری كێشە دارایی‌و ئابوورییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغدا، ئەمەش وایكردووە كە كاریگەریەكی راستەوخۆی لەسەر رەوشی بازرگانی‌و ژیانی هاووڵاتیان هەبێت، هاوكات ئەم رێكەوتنە هۆكارێكە بۆ بەهێزبوونی پەیوەندییە بازرگانی‌و ئابوورییەكانی نێوان هەردوولادا.
وتیشی: «ئێستا پەیوەندییە ئابووری‌و بازرگانیەكانی نێوان هەرێم‌و توركیا پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش وایكردووە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوولا خێراتر بێت‌و گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت، هەردوولاشمان پێویستیمان بەیەكتر هەیە، بۆیە دەبێت هەموو ئەو گرفت‌و ئاستەنگانە لابەرین كە دێنە بەردەم بەرەوپێشچوونی رەوشی بازرگانی لەنێوان هەردوولادا».
باسی لەوەشكرد، وەكو ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی دهۆك ستراتیژو پلانی داهاتوومان بریتییە لە بەهێزكردنی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ژوورە بازرگانی‌و پیشەسازییەكانی عیراق لەلایەك‌و توركیا لەلایەكی ترەوە، بۆ ئەم مەبەستەش لە بەرنامەماندایە كە وەفدێكی بازرگانیی هەرێم سەردانی توركیا بكات بۆ ئەوەی لەنزیكەوە بتوانین هەموو ئەو كێشەو گرفتانە چارەسەر بكەین كە دێنە بەردەممان، لەهەمان كاتدا بۆ ئەمساڵ لەهەوڵداین كۆنفرانسێكی بازرگانی فراوان لەشاری هەولێر ئەنجام بدەین.

(700) كۆمپانیای بازرگانی
ئەوەشی خستەڕوو، هەڵكەوتەی جوگرافی توركیا بۆ هەرێم گرنگی تایبەتی خۆی هەیەو لەڕووی بازرگانی‌و ئابوورییەوە ناوچەكەمان بە ئەوروپاو ئەمریكا دەبەستێتەوە، لەهەمان كاتیش بوونی توركیا بۆ هەرێم گرنگی زۆری هەیە لەڕووی پیشەسازی‌و كشتوكاڵ‌و بازرگانی‌و گەشتوگوزارەوە، بۆیە بە هەموو شێوەیەك هەوڵ دەدەین پەیوەندییە بازرگانی‌و ئابوورییەكانمان بەرەو پێشبەرین.
راشیگەیاند، لە هەوڵداین كۆمەڵگایەكی گەورەی پیشەسازی لەپارێزگای دهۆك دابمەزرێنین بۆ ئەوەی بتوانین بەرهەمی پیشەسازی خۆماڵی خۆمان زیاد بكەین، لەبواری كشتوكاڵیشەوە بتوانین بەرهەمی كشتوكاڵی خۆماڵی زیاد بكەین‌و وەكو كەرەستەی خاوی كشتوكاڵی خۆماڵی پشتی پێ ببەستین لەبواری وەبەرهێنانی خۆراكدا.
ئاماژەشی بەوەكرد، تەنیا لەپارێزگای دهۆك نزیكەی (700) كۆمپانیای بازرگانی‌و (800) كارگەی پیشەسازی جۆراو جۆر هەیە كە كاری بەرهەم هێنانی خۆراك‌و هاوردەكردنی خۆراك‌و كاڵای بازرگانی دەكەن، هەروەها نزیكەی (12) هەزار بازرگان‌و خاوەن كاری بازرگانی لەسنوری ژووری بازرگانیەكەمان تۆمار كراوون.

بەرەو ئاسۆیەكی گەش
لای خۆیەوە، سیروان محمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازیی سلێمانی، رایگەیاند، هەمیشە لەهەوڵداین بۆ بەرەوپێشبردنی هەردوو سێكتەری بازرگانی‌و پیشەسازی لەپارێزگاكەمان، بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە لەكۆبوونەوەكانماندا چەندین رێنمایی پێویستمان دەركردووە بۆ بەرەوپێشبردنی كەرتی پیشەسازی‌و ئاسانكاریكردن بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگەی پیشەسازی‌و دامەزراندنی كارگەی تازەو رەخساندنی هەلی كار بۆ هاووڵاتیان، لەهەمان كاتدا هەوڵمان داوە بۆ ئەوەی كارئاسانی بۆ ئەو وەبەرهێنەرانە بكەین كە دەیانەوێت كارگەی تازە دابمەزرێنن‌و زەوی پێویستیان بۆ دابین بكرێت.
وتیشی: «خۆشبەختانە ئێستا هەرێمی كوردستان بەرەو ئاسۆیەكی گەش‌و قۆناغێكی نوێ هەنگاو دەنێت‌و قەیرانی دارایی بەكۆتایی دێت‌و شەڕی داعش كۆتایی پێ هاتووە، بۆیە ئێستا رۆژانە كۆمپانیا بیانیەكان روو لەهەرێمی كوردستان دەكەن‌و دەیانەوێت كاری وەبەرهێنان لەناوچەكەمان ئەنجام بدەن».
راشیگەیاند، پێویستە هەوڵ بدەین سەرمایەو داهاتی ئابووری هەرێمی كوردستان نەڕواتە دەرەوەو هەمووی لەڕێگەی سەرمایەگوزاری‌و وەبەرهێنانی ناوخۆ سوودی لێ وەربگیرێت‌و ژێرخانی ئابووریی وڵاتەكەمان ببوژێنینەوەو هەموو سێكتەرەكانی كشتوكاڵ‌و ئاوەدانكردنەوەو رێگاوبان‌و پیشەسازی‌و گەشتوگوزارو پەروەردەو تەندروستی‌و بانكی بەرەو پێشەوەبەرین».

(13) هەزار خانووی پلاستیكی
باسی لەوەشكرد، بازاڕی عیراق‌و هەرێم دەروازەیەكی گەورەیە بۆ پەرەپێدانی جموجۆڵی بازرگانی لەناوچەكەدا، هەموو وڵاتانی دەوروبەرو ناوچەكە چاویان بڕیوەتە خێرو بێری ئەم بازاڕە، بۆیە پێویستە ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان ئەم بازاڕە بەلای خۆماندا راكێشین‌و سوود لەخێرەكانی وەربگرین‌و بتوانین لەم رێگەیەوە هەموو سێكتەرە ئابوورییەكانمان بەرەو پێشەوەبەرین.
ئەوەشی خستەڕوو: بەمەبەستی زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆ لەماوەی رابردوودا ئێمە وەكو ژوورەكەمان رووپێوێكی فراوانمان بۆ هەریەك لەخانووە پلاستیكیەكان‌و پڕۆژە پەلەوەریەكان ئەنجامدا كە خۆی لەنزیكەی (13) هەزار خانووی پلاستیكی دەبینێتەوە، لەم رووپێوانەماندا گەیشتینە ئەو ئەنجامەی كە بەرهەمی كشتوكاڵی خانووە پلاستیكیەكان‌و پڕۆژە پەلەوەریەكان چەندەو خواستی ناوخۆ لەسەر ئەم بەرهەمانە چەندەو چەندیشی پێویستە رەوانەی بەشەكانی ناوەڕاست‌و خوارووی عیراق بكرێت، بڕیاریشوایە هەموو ئەو راسپاردەو پێشنیارانە ئاراستەی حكومەتی هەرێم‌و لایەنە پەیوەندیدارەكان بكرێت بۆ ئەوەی كاری پێویستی لەسەر بكەن.

كوردستانی نوێ


PM:03:30:01/05/2019




ئه‌م بابه‌ته 131 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌