بانكێکی سەر بە حكومەتی عێراق پلانی هەیە چەند لقێکی لە هەرێمی کوردستان بکاتەوە


بانکی ڕەشیدی سەر بە حکومەتی عێراق لە پلانیدایە چەند لقێکی بانکەکە لە هەرێمی کوردستان بکاتەوە، وتەبێژی ئەو بانکەش دەڵێت، ئامانجیانە هاوڵاتیانی هەرێمیش سود لە خزمەتگوزارییەکانی بانکی ڕەشید وەرگرن.

ئامال شوێلی وتەبێژی بانكی رەشید تایبەت بە ناس-ی ڕاگەیاند: "بەهۆی شەڕی داعش و ئاڵوزییەكانی ناوخۆی عێراق، لە ساڵانی پێشودا نەمانتوانی لقەكانی خۆمان لە هەرێمی كوردستان بكەینەوە، بەڵام دوای جێگیر بوونی بارودۆخی سیاسی و ئابوری لە عێراق، یەكێك لە پلانەكانی بانكی رەشید كردنەوەی لقەكانییەتی لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکانمان لەوێش هەبن”.

وتەبێژی بانکی ڕەشید وتیشی، پرسی کردنەوەی لقەکانی بانکەکە لە هەرێم پەیوەندی بە بوونی متمانەوە نیە و كردنەوەی ئەو لقانە كارێكی قورس نییە، تەنها پێوستی بە هەندێ ڕێكاری یاسایی هەیە لەنێوان وەزارەتی دارایی و بانكی ناوەندی عێراق و بانكی رەشید، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش پێویستە ڕەزامەندی دەرببڕێت.

"ئەگەر هەرێمی كوردستانیش دەیەوێت ئەو بانكانە خێراتر لقەكانیان بکەنەوە لە شارەکانی، دەبێت ڕێکكەوتنی دارایی تایبەت بە هەرێم واژوو بكات لەگەڵ بانكی ناوەندی، دواتر لەگەڵ هەردوو بانكی رافیدەین و ڕەشیدیش واژووی بکات”، ئامال شوێلی وای وت.


PM:10:23:14/04/2019




ئه‌م بابه‌ته 172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو‌