ئێران لەهەناردەكردنی كاڵا بۆ عێراق پێش چین و توركیا دەكەوێت


وەزیری پیشەسازی و بازرگانی ئێران رایگەیاند، یەكەمجارە وڵاتەكەی بە جیاوازیەكی كەم لە هەناردەكردنی كاڵاكانی بۆ عێراق پێش چین و توركیا دەكەوێت.

رەزا رەحمانی، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی ئێران لە لێدوانێكدا وتی "یەكەمجارە ئێران لەپرۆسەی هەناردەكردنی كاڵاكانی بۆ عێراق بە پلەی یەكەم دێت"، هاوكات داوای پاراستنی ئەو پێگەیەی كرد لەرێگەی فەراهەمكردنی هەموو تواناكان، چونكە وەک ئەو دەڵێت: "ركابەرەكانی وەكو توركیا و چین بە جیاوازیەكی كەم لەدوای ئێران دێن".

وتیشی "پێگەی جوگرافی سنووری پارێزگای كرماشان لە پرۆسەی هەناردەكردن زۆر گرینگە، چونكە زیاتر لە نیوەی بڕی هەناردەی ساڵی رابردوو بۆ عێراق لەرێگەی دەروازە سنوورییەكانی ئەو پارێزگایە بووە، بۆیە پێویستە ئەمساڵ گرنگی زیاتر بە پرۆسەی هەناردە بۆ عێراق بدرێت".

پارێزگای كرماشان دەكەوێتە رۆژئاوای ئێران و بە درێژایی 371 كیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ عێراق هەیە و زیاتر لە نیوەی كاڵای ئێرانی لە رێگەی دەروازە سنوورییەكانی ئەو پارێزگایەوە هەناردەی عێراق دەكرێت.


AM:10:16:14/04/2019




ئه‌م بابه‌ته 50 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو‌