چه‌ندین داواكارى له‌باره‌ى گه‌شت و سه‌یرانه‌وه‌ ئاڕاسته‌ى شۆفێران و هاوڵاتیان ده‌كرێت


به‌بۆنه‌ى هاتنى وه‌رزى گه‌شت و سه‌یران له‌ هه‌رێمى كوردستان، چه‌ندین داواكارى ئاڕاسته‌ى شۆفێران و هاوڵاتیان ده‌كرێت.

له‌ بابه‌تێكدا كه‌ ماڵپه‌ڕى فه‌رمى هاتوچۆى سلێمانى بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، "هه‌ڤاڵ محه‌مه‌د" لێپرسراوی بنكه‌ی هاتوچۆی عه‌ربه‌ت له‌باره‌ى ده‌ستپێكردنى وه‌رزى گه‌شت و سه‌یرانه‌وه‌ ئه‌م رێنماییانه‌ى خواره‌وه‌ى ئاڕاسته‌ى شۆفێران و هاوڵاتیان كردووه‌ و داواى كردووه‌ له‌ پێناو دووربوون له‌ هه‌ر زیانێكى گیانى و ماددى ره‌چاوى بكه‌ن؛

1-  په‌له‌ نه‌كردن: هیچ كات هه‌وڵ مه‌ده‌ په‌له‌ بكه‌یت بۆ ئه‌وه‌ی زووتر بگه‌یته‌ ئه‌و شوێنه‌ی كه‌  مه‌به‌سته‌ یاخود زوو بگه‌ڕێیته‌وه‌ ماڵه‌وه‌، چونكه‌ ماوه‌ی نێوان په‌له‌كردن و په‌له‌ نه‌كردنت ته‌نها چه‌ند خوله‌كێكی كه‌مه‌ بۆ گه‌یشتن.

2- به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگری وه‌ك لۆری و ته‌نكه‌ر و هاوشێوه‌كانیان به‌كارمه‌هێنه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی سه‌رنشین بۆ نێو سه‌یرانگاكان.

3- به‌كارنه‌هێنانی ماتۆڕسكیل به‌ مه‌به‌ستی  گه‌یاندنت به‌ سه‌یرانگاكان .

4- له‌ كاتی ده‌رچوونت له‌ ماڵه‌وه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك منداڵ له‌ به‌شی دواوه‌ی عه‌ره‌بانه‌ی ئۆتۆمبێل دامه‌نێ، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر هاتوو ئۆتۆمبێله‌كه‌ت ده‌بل قه‌مه‌ره‌ بوو یاخود هاوشێوه‌ی بوو.

5- سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌لوپه‌ل و شتومه‌كانه‌ی كه‌ پێته‌ و له‌گه‌ڵ خۆتدا ده‌یبه‌یت بۆ سه‌یران به‌ باشی جێگیریان بكه‌، ئه‌گه‌ر هاتوو پێویستی به‌ به‌ستنه‌وه‌ هه‌بوو بیبه‌سته‌ره‌وه‌.

6- ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ شۆفێری ده‌كات خۆی به‌ دوور بگرێت له‌ خواردنی مادده‌ كحولییه‌كان.

7- به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك‌ له‌ سایدی خۆت لامه‌ده‌ و مه‌چۆره‌‌ سایدی ئۆتۆمبێلی به‌رامبه‌ر یان (شانی رێگا) واته‌ رێگاى خۆڵی ته‌نیشت شه‌قامه‌كه‌.

8-  له‌ كاتی شۆفێریكردندا هه‌میشه‌ ئارام به‌ و خۆت به‌ دووربگره‌ له‌ توڕه‌بوون و هه‌ڵچوون.

9- هه‌وڵ بده‌ سه‌رنشینه‌كانت مه‌شغوڵت نه‌كه‌ن، به‌ ئاگابه‌ له‌ ره‌وشی رێگا و بانه‌كان.

10- خۆت به‌ دووربگره‌ له‌ ئه‌نجامدانی سه‌رپێچی، چونكه‌ ئه‌و سه‌رپێچیه‌ كه‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌یت راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن ئه‌فسه‌رانی هاتوچۆوه‌ به‌ ئامێری (PDI) تۆمار ده‌كرێت.

11- به‌ پێی ئه‌و خێراییه‌ شۆفێری بكه‌ كه‌ بۆت دیاری كراوه‌.

12- باوكان و دایكانی به‌ڕێز به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئۆتۆمبێل مه‌ده‌نه‌ ده‌ست منداڵ یان هه‌ر كه‌سێكی تر كه‌ هه‌ڵگری مۆڵه‌‌تی شۆفێری نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی تووشی لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی نه‌بن.

13- له‌ نزیك شه‌قامه‌كاندا یاخود له‌و شوێنانه‌دا كه‌ نزمتره‌ له‌ ئاستی شه‌قامه‌كان دامه‌نیشن، بۆ ئه‌وه‌ی دووربن له‌ رووداوی دڵته‌زێن.

14- پابه‌ند بن به‌ رێنماییه‌كانی ئه‌فسه‌ر و كارمه‌ندانی هاتوچۆ چونكه‌ ئامانجیان سه‌لامه‌تی ئێوه‌یه‌.


AM:11:36:18/03/2019




ئه‌م بابه‌ته 138 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو‌