ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی داوا له‌به‌رپرسانی مه‌رزه‌كان ده‌كات كاروباری خاوه‌نكاران خێراتر راپه‌رێنن


ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی پێشبینی ده‌كات، هاورده‌كردنی خۆراك و شتومه‌ك به‌رێژه‌یه‌كی به‌رچاو له‌رێگه‌ی ده‌روازه‌ سنوریه‌كانه‌وه‌  زیاد بكات، بۆیه‌ داوا له‌ به‌رپرسانی ده‌روازه‌ سنوریه‌كان ده‌كات كاره‌كانی بازرگانان به‌شێوه‌یه‌كی خێراتر راپه‌رێن.

سیروان محه‌مه‌د، سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت ''له‌دوایی لابردنی پاشه‌كه‌وتی موچه‌ و هه‌ڵگرتنی خاڵه‌ گومرگیه‌ نایاساییه‌كان پشبینی ده‌كه‌ین هاورده‌كردنی خۆراك و شتومه‌ك وپێداویستیه‌كانی هاوڵاتیان  به‌رێژه‌یه‌كی به‌رچاو زیاد بكات بۆیه‌ داوا له‌ به‌رپرسانی ده‌روازه‌ سنوریه‌كان ده‌كه‌ین ئاسانكاری بۆ بازرگانان و خاوه‌نكاران بكه‌ن و به‌خێرای كاره‌كانیان بۆ ڕاپه‌رێن''.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا ئه‌مرۆ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی مه‌رزی باشماخ كۆبوینه‌وه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و مه‌رزانه‌ی شاری سلێمانی  زۆرتین كاڵاو شتومه‌كی لێ هاورده‌ ده‌كرێت، له‌نزیكه‌وه داوامان لێ كردن كاره‌كانی بازرگان و خاوه‌نكاران و ئۆتۆمبیله‌ بارهه‌ڵگره‌كان  به‌شێوه‌یه‌كی خێراتر له‌ جاران راپه‌رێنن، بۆ ئه‌وه‌ی به‌زوترین كات كاڵاو شتومه‌كان بگاده‌ ده‌ستی هاوڵاتیان له‌بازاڕه‌كاندا.

ژووری  بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ ''خێراتر ڕاپه‌راندنی كاره‌كانی بازرگانان و خاوه‌نكاران ده‌بێته‌وه‌ هۆی گه‌شه‌كردنی زیاتری ئابووری كوردستان و كه‌رتی بازرگانی''. 



PM:04:33:14/03/2019




ئه‌م بابه‌ته 195 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌