له‌ سلێمانی، نرخی ئۆتۆمبێل رووی له‌ هه‌ڵكشان كردووه‌

له‌ پێشانگه‌كانی ئۆتۆمبێل له‌ سلێمانی، نرخی ئۆتۆمبێل رووی له‌ هه‌ڵكشان كردووه‌. هه‌رچه‌نده‌ ساڵانه‌ پێش هاتنی نه‌ورۆز نرخی ئۆتۆمبێل كه‌مێك به‌رز ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مساڵ جگه‌ له‌م هۆكاره‌، كۆمه‌ڵێك هۆكاری نوێ بازاڕه‌كه‌یان گه‌رم كردووه‌. 

له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی مانگی ئادار، نرخی ئۆتۆمبێل به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌؍ ئه‌مه‌ش به‌وته‌ی ده‌ڵاڵه‌كانی بازاڕ چه‌ند هۆكارێكی هه‌یه‌. كارزان جه‌لال ده‌ڵاڵی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل، راگه‌یاند، ماوه‌یه‌كه‌ نرخی هه‌موو جۆره‌كانی ئۆتۆمبێل گران بووه‌، به‌ جۆرێك هه‌ر ئۆتۆمبێلێك 400 بۆ 500 دۆلار چووه‌ته‌ سه‌ر نرخه‌كه‌ی. 

ئه‌و له‌باره‌ی هۆكاره‌كانه‌وه‌ وتی، "دوو هۆكار هه‌ن كه‌ نرخی ئۆتۆمبێلی تایبه‌تی به‌رز كردووه‌ته‌وه‌؍ یه‌كه‌م ئه‌و بڕیاره‌ی بۆ تاكسی ده‌رچووه‌ و دووه‌میش ئه‌وه‌یه‌ وه‌رزی به‌هاره‌ و خه‌ڵك ئۆتۆمبێلی كۆن ده‌كڕن كه‌ نرخیان جێگیره‌".

له‌ ماوه‌ی رابردوو وه‌زاره‌تی ناوخۆی كوردستان كاری تاكسی له‌ كارمه‌ندانی هێزه‌كانی ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌ قه‌ده‌غه‌ كرد.

ئاراز عه‌لی ده‌ڵاڵێكی تری كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل له‌ سلێمانی، روونی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌موو ساڵێك له‌م وه‌رزه‌دا و پێش نه‌ورۆز كه‌ هاتنی وه‌رزی به‌هار و گه‌شتوگوزاره‌، نرخی ئۆتۆمبێل جووڵه‌ی تێ ده‌كه‌وێت و گران ده‌بێت. 

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ نادر عه‌بدوڵا خاوه‌ن پێشانگه‌ی ئۆتۆمبێل له‌ تاسڵووجه‌ی سلێمانی كه‌ به‌ مه‌عره‌زی علووجه‌كان ناسراوه‌، ئه‌وه‌ی خسته‌ ڕوو، ئێسته‌ رۆژانه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری ئۆتۆمبێل له‌ پێشانگه‌كه‌یان ده‌فرۆشرێن و نرخیشیان به‌رز بووه‌ته‌وه‌.

ئه‌و به‌شێك له‌ هۆكاری ئه‌و گرانبوونه‌ بۆ باشبوونی دۆخی دارایی هاووڵاتییان و به‌شێكیشی بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ كه‌ وه‌رزی گه‌شت و سه‌یرانه‌.

به‌وته‌ی نادر، هه‌ر ئۆتۆمبێلێك نرخه‌كه‌ی له‌ سه‌رووی 10 هه‌زار دۆلاره‌وه‌ بێت، هه‌زار دۆلار زیادی كردووه‌ و ئه‌وانی تریش به‌پێی نرخه‌كانیان گران بوون. 

خالید عارف شاره‌زای نرخی ئۆتۆمبێل،  راگه‌یاند، ئێسته‌ گرانبوونی نرخی ئۆتۆمبێل بۆ چه‌ند هۆكارێك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؍ له‌وانه‌ یه‌كخستنی سیسته‌می گومرگی و گرانبوونی تابلۆی ئۆتۆمبێل له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه‌. 

ئه‌و ده‌ڵێت "ئێسته‌ ئۆتۆمبێلی كۆری و ئه‌مه‌ریكی له‌لایه‌ن هاووڵاتییانی عه‌ره‌به‌وه‌ خواستیان له‌سه‌ره‌، بۆیه‌ نرخیان گران بووه‌؍ ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی لێره‌ ژماره‌ی تابلۆكان هه‌رزانتره‌ و ئۆتۆمبێله‌كان پاكترن".

وه‌ك ئه‌و شاره‌زایه‌ی بازاڕی ئۆتۆمبێل ئاماژه‌ی پێ كرد، حكوومه‌تیش بڕیارێكی ده‌ركردووه‌ بۆ هه‌ر سلنده‌رێك بڕی ۵۰۰ هه‌زار دینار وه‌رده‌گیرێت كه‌ جاران ئۆتۆمبێلێكی بچووك 800 هه‌زار دینار بۆ رسووماتی تابلۆ وه‌رده‌گیرا، به‌ڵام ئێسته‌ به‌پێی بڕیاره‌كه‌ی حكوومه‌ت ده‌چێته‌ دوو ملیۆن دینار.


PM:04:32:08/03/2019




ئه‌م بابه‌ته 1131 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو‌