به‌های لیره‌ی توركی به‌رامبه‌ر به‌ دۆلاری ئەمریكی دابه‌زی

ئه‌مڕۆ هه‌ینی به‌های لیره‌ی توركی جارێكی تر به‌رامبه‌ر به‌ دۆلاری ئەمریكی دابه‌زیەوە، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ ماوه‌ی 3 مانگ ده‌بێت بۆرسه‌ی توركیا هاوسه‌نگی راگرتبوو له‌ نێوان دۆلار و لیره‌ی توركیدا. یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی وای كرد بەهای لیره‌ دابەزێتەوە ناكۆكی نێوان هیندستان و پاكستانه‌.

ئه‌مڕۆ 100 دۆلاری ئه‌مریكی به‌رامبه‌ر به‌ 535 لیره‌ی توركی مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ كرا، كه‌ پێشتر به‌ 525 لیره‌ مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ دەكرا.

ئەم بەهایەش دەكاتە یەك هەزار دیناری عێراقی بەرانبەر 4.5 لیرەی توركی، بەم بەهایەش گەشتیاری هەرێمی كوردستان و عێراقی لە هاوینی ئەمساڵدا دەتوانن بە خەرجییەكی كەم گەشتی توركیا بكەن.

رۆژنامه‌ی جومهوریه‌تی توركی بڵاوی كرده‌وه‌، به‌رده‌وامی گفتوگۆی نێوان چین و ئه‌مریكا له‌باره‌ی ئالوگۆڕی بازرگانی نێوانیان و هه‌روه‌ها گرژییه‌كانی نێوان پاكستان و هیندستان به‌های دۆلاری به‌رامبه‌ر به‌ لیره‌ی توركی به‌رز كردووه‌ته‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی چه‌ند میدیایه‌كی توركیا، بۆ 2019 لیره‌ی توركی به‌رامبه‌ر به‌ دۆلار زیاتر به‌های خۆی له‌ ده‌ست ده‌دات، چونكه‌ توركیا نه‌یتوانیوه‌ خۆی له‌ قه‌یرانی دارایی رزگار بكات و قه‌یرانه‌كه‌ رۆژ به‌ رۆژ زیاتر سه‌خت ده‌بێته‌وه‌.


PM:05:54:01/03/2019




ئه‌م بابه‌ته 414 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌