زەوی بەسه‌ر مامۆستایان و كەسوكاری شەهیدان دابه‌ش ده‌كرێت

بەرپرسێكی پارێزگای هەڵەبجە ئاشكرای دەكات، زۆر لە ڕێكارەكان تەواو بوون بۆ پێدانی زەوی بە كەسوكاری شەهیدان و مامۆستایان.

ئەمڕۆ شەممه‌ 23ـی شوبات، كوێستان ئەكرەم سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رای گەیاند، بۆ دابەشكردنی زەوی قۆناغێكی زۆرباشمان بڕیوە و لە چارەسەركردنی كێشەكانی زەوی ئێستە لە قۆناغی كۆتاییداین.

سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە وتی، پاش دابەزاندنی نەخشەكە زەوی دابەش دەكرێت بەسەر چین و توێژە جیاوازەكاندا و ئێستە (900) پارچە زەویمان هەیە و لە قۆناغی یەكەمدا زەوی بۆ وارسی شەهیدانی  كیمیاباران دابین دەكرێت، كە ژمارەیەكی زۆریان پسوولەی زەوییان وەرگرتووە، دواتر وارسی شەهیدانی لایەنە سیاسییەكان و مامۆستایان سوودمەند دەبن لە زەوییەكان.

هاوكات فاڕووق غەفوور سەرۆكی لقی هەڵەبجەی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لەو كۆنگرەیە وتی، كارمان بۆ ئەو مامۆستایانە كردووە كە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیرانیان هەیە بۆ زەوی وەرگرتن لە ساڵی2005 و ژمارەیان (280) مامۆستایە.

دابەشكردنی زەوی لە كاتێكدایە بەشێك لە فەرمانبەران و مامۆستایان ئێستە لە چاوەڕوانی وەرگرتنین و سەرجەم مەرجەكانی سوودمەندبوونیان تێدایە و چاوەڕوانی شارەوانی شارەكانیان دەكەن.



PM:03:15:23/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 440 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو‌