''ئەو کاڵایانه‌ی لە رێگەی مەرزەکانی ھەرێمه‌وه‌ دێنە کوردستانەوە ٧٥ لەسەدیان بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراقه‌''


ئەو کاڵا و پێداویستییانەی لە رێگەی مەرزەکانی ھەرێم لەگەڵ تورکیا و ئێرانەوە دێنە ھەرێمی کوردستانەوە ٧٥ لەسەدیان بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق و ٢٥ لەسەدیشی بۆ بەکاربردنی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستانە.

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، نەوزاد ئەدھەم  چەندین ئامار و زانیاری سەبارەت بە چەند پرسێک دەخاتەڕوو.

نەوزاد ئەدھەم سەبارەت بە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان تورکیا و عێراق بە ھەرێمی کوردستانه‌وە وتی: "لە راستییدا ئێمە لەگەڵ تورکیا یەک دەروازەمان ھەیە ئەویش مەرزی ئیبراھیم خەلیل-ە، بەھای ئەو کاڵایانەی کەوا لەم مەرزە دێنە نێو ھەرێمی کوردستان و عێراقەوە چی ئەوانەی کە لە ئەورووپا و وڵاتانی دیکەوە لە رێگەی تورکیاوە دێن چی ئەو بەرھەمانەی تورکیا بەرھەمیان دەھێنێت دەگاتە نزیکەی ١٠ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا، ئەوەشی لە رێگەی ئێرانەوە دێت نزیکەی شەش ملیار دۆلار دەبێت. لە راستییدا جۆرێک لە تایبەتمەندی لە نێوان مەرزەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و ئێران ھەیە، لە ئێرانەوە پتر کاڵای پلاستیکی و ھەندێک خۆراک و شتی پێویستیی دیکە دێت، بەڵام لە تورکیاوە خۆراک و شتی ئەندازیاریی و کەلوپەلی کارەبایی و بابەتی پەیوەست بەو بوارە و ھەروەھا چەند کەلوپەلێکی دیکەی بیناسازی بەگشتی دێن".

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، نەوزاد ئەدھەم ئاشکراشی دەکات "سەبارەت بە ھاوردەکردنی ئۆتۆمبیلیش بەپێی ئامارەکانی ئێمە ئەو ئۆتۆمبیلانەی کە دێتە نێو ھەرێمی کوردستانەوە رێژەی ٨٤ لە رێگەی مەرزەکانی ئێرانەوە دێنە ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا رێژەی ١٦ لەسەدیشی لە رێگەی مەرزی ئیبراھیم خەلیلەوە دێن".

نەوزاد ئەدھەم لەدرێژەی قسەکانیدا روونی دەکاتەوە "بە شێوەیەکی گشتی ئەو کاڵایانەی دێتە ھەرێمی کوردستانەوە رێژەی ٥٢ لەسەدی لە رێگەی تورکیاوە دێت کە ئەویش لە رێگەی مەرزی ئیبراھیم خەلیل-ەوەیە، ھەروەھا رێژەی ٤٨ لەسەدی کاڵاکانیش دیکە لە رێگەی مەرزەکانی دیکەی ئێرانەوە دێنە ھەرێم و عێراقەوە".

سەبارەت بە مەرزە فەرمییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لەگەڵ ھەریەک لە تورکیا و ئێران بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، نەوزاد ئەدھەم دەڵێت "مەرزە رەسمییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا بریتییە لە ئیبراھیم خەلیل، لەگەڵ ئێرانیش بریتیین لە مەرزەکانی حاجی ئۆمەران، باشماخ، پەروێزخان. ھەرچی مەرزە ناڕەسمییەکان لەگەڵ ئێران ئەوا ژمارەیان پێنج مەرزە و ھەندێک مەواد داخل دەبن لەم رێگەیەوە کە کەمن".

نەوزاد ئەدھەم  باس لەوە دەکات کە ئێران بەنیازە چەند مەرزێکی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکات بە رەسمی و وتی: "ئێستا ئێران دەیەوێت مەرزەکانی تەوێڵە و سەیران بەن و کێلێ بکرێن بە مەرزی رەسمی بۆ ئەوەی کاڵایەکی زیاتر لە ئێرانەوە بێتە نێو ھەرێمی کوردستان و عێراقەوە، خۆتان دەزانن ھەرێمی کوردستان وەکو سەنتەرێکی بازرگانییە بۆ ھەموو عێراق، ئەو کاڵایانەشی لە رێگەی دەروازەکانی ھەرێمی کوردستانەوە دەھێنرێتە ھەرێم ھەمووی بۆ دانیشتوانی ھەرێم نییە، بەڵکو ئەگەر سەیر بکەین دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان نزیکەی شەش ملیۆن کەس دەبێت، بەڵام دانیشتوانی عێراق نزیکەی ٣٨ ملیۆن کەس دەبێت، بەو پێیە دەتوانین بڵێین بەتەنھا رێژەی ٢٥ لەسەدی ئەو کاڵا و شمەکانەی لە رێگەی مەرزەکانمان لەگەڵ تورکیا و ھەرێمی کوردستانەوە دێنە ھەرێم و عێراقەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و بەکاربەرانی ھەرێمە، رێژەی ٧٥ لەسەدی بۆ عێراق و بەکاربەرەکانی پارێزگاکانی دیکەی عێراقە جگە لە ھەرێمی کوردستان".

ئەو وتیشی: "دانانی ئەو ئۆفیسە گومرکییانەی لە نێوان پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق ئاستەنگێک بوو لە مانگەکانی کۆتایی ساڵی ٢٠١٨ کاریگەریی خراپی ھەبوو و وایکرد ھەندێک لە بازرگاکان مەرزەکان بگوێزنەوە و لەو دەروازانەی ھەرێمی کوردستان دەبەستنەوە بەو وڵاتانەوە نەنێرن و لە شوێنی دیکەوە وەکو ئوم قەسر بنرێن و ئەمەش کاریگەریی خراپی لە نێوان ئاڵوگۆڕی بازرگانی ھەریەک لە تورکیا و ھەرێمی کوردستان و ئێران و ھەرێمی کوردستان ھەبوو".

سەبارەت بە کاریگەریی فشارەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران و لێدوانەکانی بەرپرسانی تورکیا بۆ زیادکردنی ئاستی ھەناردەیان بۆ عێراق بۆ ٢٥ ملیار دۆلار، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، نەوزاد ئەدھەم وتی: "لە راستییدا ئەوەی باسی لێوەدەکرێت ھەمووی خەمڵاندنە مەرج نییە بەدی بێت، بەڵام ھەوڵ دەدرێت کە قەبارەی تورکیا زیاتر بکرێت، ئیبراھیم خەلیل کە تاکە دەروازەی عێراق و تورکیا ھەوڵ دەدرێت ئەو قەبارەیە زیاتر بکرێت، بەڵام ھەرێمی کوردستانیش دەیەوێت زۆرترین ئاسانکاریی لەمبارەیەوە بکرێت، بەڵام ئەو ئۆفیسە گومرکییانە تورکیا و ھەرێمی کوردستانیشی نیگەران کرد، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان رێککەوتوون کە لە ١٧ی ئەم مانگەوە تاریفەی گومرکی یەکگرتوو پیادە وجێبەجێ بکرێت و ئەو ئۆفیسە گومرکییانە نەمێنێت، ھەروەھا ئەو رسوماتانەشی کە ھەرێمی کوردستان وەریدەگرێت کەمترە لەو رسوماتەی عێراق وەریدەگرێت، بەڵام لە ١٧ی ئەم مانگەوە دەبێتەوە یەک پارە و ئیدی لەمەودوا دەبێت بەیەک بڕە پارە چی لە ئیبراھیم خەلیل بێت یان ئوم قەسر، نرخی کاڵاکان بە ھەمان نرخ دەبێت و ئەمەش لەوانەیە رێگەچارەیەک بێت بۆ ئەوەی تورکیا کاڵای زیاتر داخڵ بکات".

نەوزاد ئەدھەم زیادیشی کرد "ئاشکرایە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران دوو قۆناغی بڕیوە و قۆناغی سێیەمی ماوە. لە قۆناغی دووەم ھەشت وڵات لەو گەمارۆیانە دەرھێنران و رێگەیان پێدرا کە مامەڵەی بازرگانییان لەگەڵ ئێران بەردەوام بوو کە یەکێک لەو وڵاتانە عێراق بوو، ھێشتا ئەو ئابڵوقە ئابوورییەی ئەمریکا لەسەر ئێران کاریگەریی لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و ھەرێمی کوردستان نەبووە و لە لایەکی دیکەوە ئەو کاڵایانەی لە رێگەی ئێرانەوە دێت، مەرج نییە ھەمووی بەرھەمی ئێران بێت، بەڵکو بەشێکی لە ئێرانەوە وەکو ترانزێت دێت، ئینجا ئابڵوقەکە بۆسەر ئێرانە نەوەک عێراق، ئەو کاڵایانەی لە ئێران بەرھەم دەھێنرێن رەنگە ئەو کاڵایانە ئابڵوقەکە بیانگرێتەوە، ھەروەھا لەو کاڵایانەی ئابڵوقە نایانگرێتەوە کاڵاکانی خۆراک و سەوزە و کەلوپەلی کارەبایی و شتی لەو جۆرە، بۆیە لە قۆناغی سێیەمی سزاکانیش پێشبینی ناکەین کە کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان و ئێران ھەبێت، چونکە ئەو کاڵایانەی لە ئێرانەوە دێنە ھەرێمی کوردستان ئەو سزایانە نایانگرێتەوە و ئەمریکا سزای لەسەر چەند کاڵایەکی دیاریکراو داناوە".

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەدرێژەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر پرسی گۆڕینی کۆبۆنی خۆراک و وتی: "ئەوەی پەیوەندیی بە بەکارھێنانی کارتی زیرەکەوە ھەیە کە جێگەی کۆبۆنی خۆراک دەگرێتەوە ئەوا لەم رێگەیەوە دەکرێت ھاووڵاتی سەردانی بریکاری خۆی بکات و ئامێرێک دانراوە کە ھاووڵاتی دەیسەلمێنێت چووە بۆ وەرگرتنی خۆراک، ئێستا ئەم ئامێرە لە قۆناغی تێستە و لە بەغدا یەکەم جار تاقیکراوەتەوە و چوارشەممەی داھاتوو لە دھۆک تاقی دەکرێتەوە لە لای بریکارێک کە وەکو نموونە وەرگیراوە، ئامانج لە دانانی ئەم ئامێرە ئەوەیە لە رێگەی ئەم ئامێرە رێگری لە ناوی دووبارە دەکرێت و زیاتر کۆنتڕۆڵکردنی داتانی پسوولەی خۆراک دەکرێت و ئەوە دەسەلمێنێت کە ھاووڵاتی سەردانی بریکاری کردووە بۆ وەرگرتنی پسوولەکە، واتە شتێکە بۆ چاکسازیکردن لە پسوولەی خۆراک".

ئەو وتیشی: "ئەو بابەتە لە قۆناغی بەدواداچوونە بۆ ئەوەی داتای فۆرمی خۆراک و داتای وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی یەکانگیربکرێن و بەراورد بکرێن بۆ ئەوەی ئیدی ئەو کەسانەی چاودێری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە لەوێ ھەبن".

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، نەوزاد ئەدھەم ھەروەھا ئەوەشی وت "لە لایەکی دیکەوە بیرۆکەیەک ھەیە دەبینن لە چەند ساڵی رابردوو ئەو پارەیەی بۆ کڕینی یەکەکانی نێو کۆبونی خۆراک تەرخانکرابوو کەم دەکرێـتەوە، بیرۆکەکە ئەوەی دانیشتوان بکرێن بە سێ بەشەوە، بەشێکیان ئەوانەن کە ناویان لە چاودێریی کۆمەڵایەتی ھەیە ئەوانە ھەموو مانگێک خۆراکیان پێبدرێت، ھەروەھا بەشێکی تر ئەوانەی ژیانیان باشە ئەمانیش دەکرێنە دوو بەش، ئەوانەی ئاستی دارایی و ژیانیان مام ناوەندە خۆراک وەردەگرن، بەڵام ھەموو مانگێک نا، بەشی سێیەمیان ئەوانەی کە داھاتی مانگانەیان لە ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار دیناری عێراقی زیاترە کە بەشە خۆراکیان پێ نادرێت".

نەوزاد ئەدھەم ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە عێراق بڕی پارەی تەرخانکراوی بۆ بەشە خۆراکی ھاووڵاتییان لە ئەمساڵدا بەقەبارەی پارەی تەرخانکراوی ساڵی پار دیاریکردووە، لەمبارەیەوە روونی دەکاتەوە "لە ساڵی ٢٠١٣، بڕی پێنج تریلیۆن دینار بۆ کڕینی خۆراکی کۆبوونی خۆراک تەرخانکرابوو و لە ساڵی ٢٠١٥ش ئەو بڕە پارەیە بوو بە نیوە، واتە دوو تریلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار و لە ساڵی ٢٠١٦ ھەمان بڕی ساڵی پێشووی تەرخانکرابوو و لە ساڵی ٢٠١٦ کرا بە تریلیۆنێک و ٦٠٠ ملیار دینار و لە ساڵی ٢٠١٨ بریتی بوو لە تریلیۆنێک و ٥٠٠ ملیار دینار و لە ساڵی ٢٠١٩ش بڕی یەک تریلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار تەرخانکرابوو، بەپێی زانیارییەکان عێراق ساڵانە بڕی چوار تریلیۆن و ٥٠٠ ملیار دیناری پێویستە بۆ دابینکردنی ئەو پێنج ماددەیە کە لە کۆبونی خۆراکدا ھەیە".

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھێمای بۆ ئەوەشکرد کە وەزارەتەکەیان پێشنیازێکی دیکەشیکردووە و وتی: "ئێمە لە وەزارەتی بازرگانی پێشنیازمان کردووە دوای ئەو سمارت کارتە دەدرێت بە ھاووڵاتییان پاشان بەدواداچوون بکرێت بۆ ئەو کەسانەی کە باری گوزەرانیان باشە بەنموونە ئەوانەی خاوەن کۆمپانیا، بازرگانن، ئەوانەی دوکاندارن و باری دارایی باشە، ئەندامانی ژوورە بازرگانییەکان، ئەندامانی بەڵێندەران، ئەوانەی کارگەیان ھەیە، واتە تەنھا فەرمانبەران نەبێت ئەوانەی کە مووچەیان لە یەک ملیۆن و نیو زیاترە، بەڵکو ئەمانیش بگرێتەوە".

سەبارەت بە بوونی ھیچ وادەیەک بۆ بەجێگەیاندنی بۆ ئەوەی ھاووڵاتییان ببنە خاوەنی کارتی زیرەک، نەوزاد ئەدھەم لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ وتی: "دوای ئەو تێستەی دەکرێت لە بەغدا و دھۆک، پاشان بۆ موسەننا و ئەنبار و دیوانییە و شوێنی تر دەکرێت ئیدی بەرچاوڕوونی دەدرێتە فەرمانبەرانی خۆراک لە پارێزگاکان و بریکارەکان ئیدی ئامێرەکە دابەش دەکرێت و ماوەکە دیاری نەکراوە کە ئەو کارتە کەی تەواو دەبێت، بەڵام رێکخراوی خۆراکی جیھانی پارەدارکردنی ئەو پڕۆژەیەی گرتووەتە ئەستۆی خۆی".



AM:11:29:12/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌