لەسنووری پارێزگای دهۆك 330 كارگەی پیشەسازی تۆماركراون

لەسنووری پارێزگای دهۆك 330 كارگەی پیشەسازی تۆماركراون، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی‌و خاڵە گومرگییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداوە، 121 كارگەیان لەكار كەوتوون‌و هیچ بەرهەمێكیان نییە.

نازدار عەبدولقادر, بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازی دهۆك لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، لەماوەی 6 ساڵی ڕابردوودا 160 كارگە دروستكراون‌و  ژمارەی كارگەكانی پارێزگای دهۆك گەیشتۆتە 330 كارگە.ڕاشیگەیاند، ژمارەی دانانی كارگەی پترۆكیمیایی‌و كەرەستەی بیناسازی ڕووی لە دابەزین كردووە، هۆكاری سەرەكیش ئەو خاڵە گومرگیانەن كە لەنێوان هەرێمی كوردستان‌و پارێزگاكانی تری عیراق دانراون، ئەگەریش كێشەی ئەو خاڵە گومرگیانە چارەسەر بكرێت، دووبارە كارگەكان دەبوژێنەوە‌و ڕێژەی بێكاریش لە پارێزگای دهۆك كەمدەبێتەوە.

بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازی دهۆك ئاماژەی بەوەشكرد، لەكۆی ئەو 330 كارگەیەی لە دهۆك تۆماركراون، (121) كارگەیان كە كارگەی چیمەنتۆ‌و خواردن‌و كیمیایی‌و بلۆك‌و چەند بوارێكی ترن لەكاركەوتوون، هەروەها 37یان بەپێی پێویستی خۆیان كاردەكەن‌و 172 كارگەشیان لەكاركردن بەردەوامن.


AM:10:57:10/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌