تاوەكو ئێستا هەرێم‌و بەغدا لەسەر كردنەوەی بانكی رافدەین‌و رەشید لە كوردستان نەگەیشتوونە ڕێككەوتن



هیچ وادەیەك بۆ كردنەوەی لقی بانكەكانی ڕافیدەین‌و ڕەشید لە هەرێمی كوردستان دیاری نەكراوە‌و تاوەكو ئێستاش هەرێم‌و بەغدا لەسەر ئەو پرسە نەگەیشتوونە ڕێككەوتن. 

بەگوێرەی‌ئەو زانیارییانەی لە بەرپرسێكی لقی سەرەكی بانكی ڕەشید لە بەغدا دراون بە(ئێس ئێن ئێن)، پێشتر گفتوگۆ لەنێوان هەرێم‌و بەغدا كراوە لەبارەی كردنەوەی لقی هەردوو بانكی ڕەشیدو ڕافیدەین لەهەرێم، بەڵام تائێستا نەگەیشتونەتە ڕێكەوتن‌و هیچ وادەیەكیش بۆ كردنەوەی لقی ئەو دوو بانكە دیاری نەكراوە.

لەبارەی سوودمەندبوونی مووچەخۆرانی هەرێم لە خزمەتگوزارییەكانی ئەو دوو بانكە، ئەو بەرپرسە ئاشكرایكردوە، ئەگەر هەرێم‌و بەغدا بگەنە ڕێكەوتن، بانكی ڕافیدەین‌و ڕەشید دەتوانن قەرز بە مووچەخۆرانی هەرێم بدەن، ئەوكات هەردوو بانكەكە ڕێنمایی تایبەت بەپێشكەشكردنی خزمەتگوزاری لەهەرێم دەردەكەن، چونكە ئەوان كێشەیان لەگەڵ ڕێوشوێنە كارگێڕیی‌و داراییەكانی هەرێم هەیە.

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، تائێستا لە بانكی ڕافیدەین‌و ڕەشید دان بەنوسراوی ڕەهنی خانووبەرەی هەرێمدا نانرێت‌و بانكەكانیش دەسەڵاتی حجزكردنی خانووبەرەیان لە هەرێم نییە، چونكە بەگوێرەی‌ڕێنماییەكانی هەردوو بانك هەر مووچەخۆرێك بیەوێت قەرز وەربگرێت، دەبێت ڕەهنی خانووبەرە پێشكەش بكات.


AM:10:54:10/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 69 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌