رۆمانی كێ سالەشێتی کوشت له‌ دووتوێى دوو بەرگدا بڵاوکرایەوە

رۆمانی كێ سالەشێتی کوشت كه‌ له‌ دووتوێى زیاتر له‌ 1200 لاپه‌ڕه‌ى قه‌باره‌ گه‌وره‌دا باس لە شاری سلێمانی دەکات، لە دوو بەرگدا بڵاوکرایەوە.

دارا محێدین، خاوەنی کتێبخانەی وشە کە ئەرکی چاپکردنی ئەو رۆمانەی گرتووه‌تە ئەستۆ، بە دوارۆژی وت: "ئەم رۆمانە باس لە رووداوەکانی دەیەی چل ‌و پەنجاکانی سەدەی رابردووی سلێمانی‌ و گەڕەکی حاجی حان دەکات و یەکێکە لە ناوازەترین رۆمانە کوردییەکان کە بە زمانێکی سەرنجڕاکێش تیشک دەخاتەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی ‌و کلتوری‌ و سیاسیی ئەو رۆژگارەی سلێمانی‌ و کوردستان".

دكتۆر عه‌لى كه‌ریم، نووسەری کتێبەکە، ساڵی 1935 لە سلێمانی لەدایکبووە و لە 2017/1/7 لە مۆسکۆ کۆچی دوایکردووە.

ئەمەی خوارەوە پەره‌گرافێکە لەبەشی یەکەمی رۆمانه‌كه‌:

 - كێ‌ ساله‌شێتی‌ كوشت؟
 - له‌سه‌رچی ساله‌شێت كوژرا؟

كه‌ هه‌واڵی‌ كوشتنی‌ ساله‌شێت بڵاوبۆوه‌ به‌ناو شاری‌ سلێمانیدا، له‌سه‌ره‌تادا كه‌س بڕوای‌ نه‌كرد كه‌ تاوانی‌ وا روبدات، بۆیه‌ له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ ده‌وترا: ”كێ‌ ئه‌و مناڵه‌ به‌سته‌زمانه‌ ئه‌كوژێ؟ كێ‌ ئه‌و به‌چكه‌ مه‌لائیكه‌ته‌ ئه‌كوژێ؟” دوای‌ بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه‌ دڵته‌زێنه‌ شاره‌كه‌ شڵه‌قا، له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ ده‌وترا و ده‌وترایه‌وه‌: ”كه‌تنی‌ وا هه‌ر له‌ سلێمانی‌ ڕه‌وایه‌”. كه‌ هه‌واڵی‌ كوشتنی‌ ساله‌شێت گه‌یه‌نرا به ‌فه‌یله‌سوفی‌ گه‌ڕه‌كی‌ حاجی‌ حان، "خاڵه‌ بله‌ی‌ جاو” له‌لایه‌ن "نه‌نه‌ داروجان”ه‌وه‌ "پیرێژنێكی‌ سه‌رئاسنینه‌ بوو دراوسێی‌ خاڵه‌ بله‌ بوو” یه‌كسه‌ر نه‌یتوانی‌ بڕوا به‌شتی‌ وا بكات.

ـ نه‌نه‌ داروجان تۆ وڕێنه‌ ئه‌كه‌ی، كێ‌ ساله‌شێت ئه‌كوژێ؟
    ـ به‌خوا و پێغه‌مبه‌ر درۆ ناكه‌م.
    ـ ببوره‌ ناتوانم بڕوات پێبكه‌م، چونكه‌ چل ساڵه‌ ئه‌تناسم چ نمونه‌یه‌كی‌.
    ـ به‌چاوی‌ تۆ درۆ ناكه‌م.
    ـ مادام چاوی‌ منت خوارد ناچارم بڕوات پێبكه‌م، پوخته‌ی‌ به‌سه‌رهاته‌كه‌م بده‌رێ، شتی‌ زیاده‌ی‌ پێوه‌ مه‌نێ.
    ـ گولـله‌یه‌كیان ناوه‌ به‌قوڕقوڕاگه‌یدا و خۆمان خۆش.
 نه‌نه‌ داروجان چۆنی‌ دیبوو، چۆنی‌ بیستبوو به ‌كورتی‌ بۆ خاڵه‌ بله‌ی‌ گێڕایه‌وه‌.
خاڵه‌ بله‌ ماوه‌یه‌كی‌ ته‌واو بێده‌نگ بوو، له‌پڕ دایه‌ قوڵپی‌ گریان‌ و نه‌نه‌ دروجان به‌دوایدا...


PM:07:57:07/01/2019




ئه‌م بابه‌ته 185 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو‌