ناكۆكییه‌كانی نێوان یه‌كێتیی ئه‌ورووپا و ئیتاڵیا له‌باره‌ی بوودجه‌ی ساڵی 2019ه‌وه‌ كۆتایی هات

جێگری سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا، ڤاڵدیس دۆمبرۆڤسكس له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌ بڕۆكسل رایگه‌یاند، ناكۆكییه‌كانی نێوان یه‌كێتییه‌كه‌ و ئیتاڵیا له‌باره‌ی بوودجه‌ی ساڵی 2019ه‌وه‌ كۆتایی هاتووه‌.

ڤاڵدیس دۆمبرۆڤسكس وتی: "دانوستانه‌كانی ئه‌م هه‌فتانه‌ی دوایی له‌گه‌ڵ ئیتاڵیا له‌باره‌ی بوودجه‌ی 2019، به‌چاره‌سه‌ر كۆتایی هات".

جێگری سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا رایگه‌یاند، به‌رنامه‌ی بوودجه‌ی نوێی ئیتاڵیا كه پێشكه‌شی كۆمیسیۆنی یه‌كێتیی ئه‌ورووپای كردووه‌، كۆتایی به‌ قۆناغی دیسپلینی بوودجه‌ هێناوه‌ و وتی: "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ بێ كه‌موكوڕی نییه‌، كۆتایی به‌و شێوازه‌ زۆر كراوه‌یه‌ ده‌هێنێت به‌مه‌رجی ئه‌وه‌ی رێوشوێنه‌كان وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێن".

جێگری سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا، ڤاڵدیس دۆمبرۆڤسكس راشیگه‌یاند، ئیتاڵیا ده‌توانێت به‌ په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی ئابووری و بوودجه‌ی هاوسه‌نگ، هه‌لومه‌رجی دارایی خۆی رێك بخاته‌وه‌.


AM:09:50:20/12/2018




ئه‌م بابه‌ته 233 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌