تره‌مپ به‌شداری له‌ كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهاندا ده‌كات

راگه‌یه‌ندرا سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ به‌شداری له‌ كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهاندا ده‌كات كه‌ بڕیاره‌ مانگی داهاتوو له‌ شارۆچكه‌ی داڤۆس رۆژهەڵاتی سویسرا به‌ڕێوه‌بچێت.

وته‌بێژی كۆشكی سپی، سارا سانده‌رز له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، دۆناڵد تره‌مپ بۆ جاری دووه‌م له‌ كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهاندا به‌شداری ده‌کات كه‌ 22 بۆ 25ی كانوونی دووه‌م له‌ داڤۆس به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

سارا سانده‌رز راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ بڕیاره‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ وه‌زیری گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا، ستیڤن منوچین و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌، مایك پۆمپیۆ و ژمارەیەک وه‌زیر و به‌رپرسی دیكه‌ش یاوه‌ریی تره‌مپ بكه‌ن.

به‌شداریكردن له‌ كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهاندا له‌ لایه‌ن چه‌ند سه‌رۆكێكی ئه‌مریكاوه‌ ره‌تكراوه‌ته‌وه‌ و پێش تره‌مپ ساڵی 2000 سه‌رۆكی ئه‌و كاته‌ بیڵ كلینتۆن به‌شداریی كردبوو تیایدا.

دواتریش له‌ قۆناغی 2001 بۆ 2009دا، سه‌رۆكی ئه‌وكاته‌ی ئه‌مریكا، جۆرج ده‌بلیو بوش به‌شداریی كردبوو له‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌دا و له‌ قۆناغه‌كانی 2009 بۆ 2017دا سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا، باراك ئۆباما ته‌نها شاندی ره‌وانه‌ی كۆڕبه‌نده‌كه‌ كردبوو.

ساڵانه‌ له‌ كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهاندا كه‌ له‌ داڤۆس به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌ به‌شداریی ده‌یان سه‌ركرده‌ی وڵاتانی جیهان و نوێنه‌ری دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و كۆمپانیا و كه‌سایه‌تیی ئه‌كادیمی و میدیاكار، پێشهاته‌ ئابوورییه‌كانی جیهان و كێشه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌هه‌ماهه‌نگی تاوتوێ ده‌كرێن.


PM:12:41:19/12/2018




ئه‌م بابه‌ته 79 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌