کونسوڵ و باڵوێزی یابان سه‌ردانی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی ده‌که‌ن


به‌ مه‌به‌ستی به‌هێزکردنی په‌یوه‌ندییه‌ ئابووریه‌کان‌و زیادکردنی جوڵه‌ی بازرگانی له‌ نێوان یابان و کوردستاندا کونسوڵو باڵوێزی یابان سه‌ردانی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانیان کرد و له‌لایه‌ن سه‌رۆک و جێگران و ژماره‌یه‌ک له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی کارگێری ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانییه‌وه‌ به‌گه‌رمی پێشوازیان لێکرا.

له‌کۆبونه‌وه‌که‌دا که‌ ئه‌مرۆ 2018/12/19 له‌ بینای ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی به‌رێوه‌چوو سیروان محه‌مه‌د، سه‌رۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی رایگه‌یاند ''له‌ئێستادا بارودۆخی هه‌رێمی کوردستان له‌ڕووی سه‌قامگیری سیاسی و ئابوورییه‌وه‌ زۆر له‌باره‌ ئه‌من و ئاسایش به‌رقه‌راره‌، خاک و سروشتی کوردستان ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ چه‌ندین که‌ره‌سه‌تی خاوی پیشه‌سازی گرنگ، بۆیه‌ داواکارم هانی کۆمپانیا یابانیان بده‌ن له‌ هه‌رێمی کوردستان وه‌به‌رهێنان بکه‌ن''.

سیروان محه‌مه‌د راشیگه‌یاند وه‌ک ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی سلێمانی ئاماده‌ین هه‌موو ئاسانکاریه‌ک و هاوکاریه‌ک پیشکه‌شی کۆمپانیا یابانییه‌کان بکه‌ین که‌ ده‌یانه‌وێت له‌ کوردستان وه‌به‌رهێنان بکه‌ن، شاری سلێمانی چه‌ندین بازرگان و خاوه‌نکار و کۆمپانیایی گه‌وره‌ی تێدایه‌ که‌ ده‌توانن ببنه‌ هاوبه‌شی ئه‌و کۆمپانیا یابانییه‌ی که‌ ده‌یانه‌وێت له‌ کوردستان وه‌به‌رهێنان بکه‌ن''.
 
سه‌رۆكی ژوور پێشنیازی به‌ستنی گۆنگره‌یه‌كی ئابووری كرد له‌نێوان بازرگانان و خاوه‌نكارانی كوردستان و یاباندا، كه‌ له‌لایه‌ن باڵوێز و كۆنسوڵی یابانه‌وه‌ به‌ گه‌رمی پێشوازی لێكراو بڕیاردرا له‌ساڵی نوێدا كۆنگره‌كه‌ ببه‌سترێت. 

کاتۆسۆمی مۆریسوو کونسوڵ و ناوفومی ھاشیمۆتۆ باڵوێزی یابان له‌ هه‌رێمی کوردستان و عێراق ڕایانگه‌یاند ''ئێمه‌ له‌ کوردستان چه‌ندین پرۆژه‌مان ئه‌نجامداوه‌ له‌بواری ڕیگاوبان و دورستکردنی پرد و که‌رتی بیناسازی و بواری ئه‌لکترۆنی و بواری ئاوو ئاوه‌ڕۆ له‌هه‌رێمی کوردستان ئیشمان کردوه‌ به‌ڵام ده‌مانه‌وێت کاره‌کانمان فرانتر بکەین ھانی کۆمپانیا یابانییەکان بدەین بێن  لە کوردستان  کار بکەن و پرۆژەی وەبەرھێنان ئەنجام بدەن''.

کونسوڵی و باڵوێزی یابان ئاماژه‌یان به‌وه‌ش کرد زۆر سپاستی ژووری بازرگانی و پشەسازی سلێمانی دەکەین و ھیوادارین بتوانین ھەماھەنگی و کاری زیاتر پێکەوە ئەنجام بدەین، سپاستی ھە‌رێمی کوردستانیش ده‌که‌ین که‌ ژماره‌یه‌کی زۆر ئاوه‌ره‌ی له‌ خۆگرتووه‌، ئێمه‌ش لای خۆمانه‌وه‌ به‌ به‌ردوامی کۆمه‌ک و هاوکاریمان پیشکه‌ش به‌ ئاواره‌کان کردوه‌ چه‌ندین پرۆژه‌ی وه‌ک دروستکردنی قوتابخانه‌ و نه‌خۆشخانه‌مان له‌ که‌مپه‌کان کردۆته‌وه‌، به‌رده‌وامیش له‌ هاندانی رێکخراوه‌ یابانییه‌کان بۆ ئه‌وه‌ی کۆمه‌ک و هاوکاری زیاتر پیشکه‌شی ئاواره‌کان بکه‌ن.



PM:12:35:19/12/2018




ئه‌م بابه‌ته 172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌