بانكی ناوەندی عێراقی: ئەمەریكا لە مامەڵەكردنی داراییمان لەگەڵ ئێران خۆش دەبێ


بانكی ناوەندی عێراقی رای گەیاند، لەگەڵ ئەمەریكا گەیشتوونەتە رێككەوتن تا لێخۆشبوون بۆ عێراق دەربكات لە مامەڵەكردنی دارایی لەگەڵ ئێران پێوەند بە سزاكانی واشنتن لەسەر تاران.

ئەمڕۆ پێنجشەم 13ی كانووی یەكەم/ دیسێمبەر، عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراقی رای گەیاند كە بانكی ناوەندی راهاتووە لەگەڵ سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، چونكە لە 2012ەوە مامەڵە بە دۆلار لەگەڵ ئێران ناكرێت، بەڵكو بۆ ئەوەی لە چاودێری دامەزراوەی دارایی ئەمەریكی رزگارمان ببێت، پەنامان بۆ بەكارهێنانی دراوی تر بردووە.

هێمای بۆ ئەوەش كرد كە دۆخەكە ئێستە گۆڕاوە لەگەڵ سزا تازەكانی ئەمەریكا، دەبێت زیاتر وشیار بین، چونكە بژاردەكانی مامەڵەی دارایی لە نێوان عێراق و ئێران كەم بووەتەوە و هەندێك دراوی تریش هەیە رێپێدراو نییە مامەڵەی پێوە بكەین، ئەمەش لە كاتێكدایە نێوانی عێراق و ئێران كۆمەڵێك پرسی گرنگ و هەنووكەیی بەیەكەوەیان دەبەستێتەوە، لەوانە كڕینی غازی سروشتی و كارەبا.

عەلاق هەوڵێكی لێكتێگەیشتنی ئاشكرا كرد لەگەڵ ئەمەریكییەكان كە تا ئاستێك لێخۆشبوون بۆ عێراق دەربكرێت، رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوودا لەسەر ئەو پرسە رێككەوتن لەگەڵ لایەنی ئەمەریكی بكرێت.

ئەو هەوڵی رێككەوتنە لە كاتێكدایە لە 28ی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەری رابردوو بانكی ناوەندی هەموو بانك و ناوەندەكانی حەواڵە و دراوی ئاگادار كردەوە كە نابێ بە هیچ شێوەیەك دۆلار بەو كەسانە بفرۆشن كە ویستی گەشتیان هەیە بۆ ئێران، هاوكات سەرۆكی ژووری بازرگانی ئێران رای گەیاند كە مامەڵەكردن بە دۆلار لە نێوان عێراق و ئێران رەت كراوەتەوە و چیتر مامەڵەی پێوە ناكەن.

جێی باسە عێراق رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە لەسەر ئاستی هەموو سێكتەركان بەتایبەت غازی سروشتی و كارەبا، بەهۆی جێبەجێكردنی گەڕی دووەمی سزاكانی واشنتن بۆ سەر تاران، ئەمەش لە كاتێكدایە هەناردەی بازرگانی ئێران بۆ عێراق ساڵانە زیاتر لە 12 ملیار دۆلارە كە نیوەی زیاتر وزەیە.



AM:10:30:13/12/2018




ئه‌م بابه‌ته 194 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌