ڕێژه‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌ ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی باشماخه‌وه‌ ئاشکرا ده‌کرێت

 به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی پارێزگای کوردستان ڕێژه‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌ ده‌روازه‌ی سنووری باشماخه‌وه‌ ئاشکرا ده‌کات و ده‌ڵێت: ئه‌مساڵ سه‌دا 110 ڕێژه‌ی ناردنکاری له‌و ده‌روازه‌ سنوورییه‌وه‌ به‌ره‌و هه‌رێمی کوردستان زیادی کردوووه‌.

به‌ختیار ڕه‌حمانی‌ پوور به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی پارێزگای کوردستان له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕای‌گه‌یاند: کۆی کاڵای نێردراو له‌ ده‌روازه‌ی سنووری باشماخه‌وه‌ تا کۆتاییی مانگی گه‌ڵارێزان بڕی یه‌ک ملیۆن و 293 هه‌زار و 232 ته‌ن کاڵا بوووه‌ که‌ له‌ باری بایه‌خه‌وه‌ نرخه‌که‌ی ده‌گاته‌ 913 ملیۆن و 612 هه‌زار و 998 دۆلار.

به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی پارێزگای کوردستان وتیشی: ئه‌و ڕێژه‌یه‌ له‌ چاو ماوه‌ی هاوشێوه‌ی ساڵی ڕابردوو له‌ باری کێشه‌وه‌ سه‌دا 65 و له‌ باری بایه‌خیشه‌وه‌ سه‌دا 53 هه‌ڵکشانی به‌خۆوه‌ بینیوه‌.

به‌ختیار ڕه‌حمانی‌ پوور وتیشی: زۆرینه‌ی کاڵای هه‌نارده‌کراو له‌ گومرگه‌کانی پارێزگای کوردستانه‌وه‌ بریتی بوون له‌ سه‌وزه‌ و مێوه‌ و که‌ره‌سته‌ی بیناسازی و ئاسن و پۆڵا و شتومه‌کی په‌لاستیکی.

ناوبراو کۆی بڕی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ده‌روازه‌ سنوورییه‌که‌شی ئاشکرا کرد و ڕای‌گه‌یاند: له‌ ماوه‌ی 8 مانگی یه‌که‌می ساڵی 97دا ده‌روازه‌ی سنووری باشماخ تاکه‌مه‌رزی تڕانزیتیی پارێزگای کوردستان بوووه‌ و 661 هه‌زار ته‌ن کاڵای لێوه‌ ئاڵوگۆڕ کراوه‌ که‌ بڕی 2 ملیار و 966 ملیۆن دۆلاری تێپه‌ڕاندوووه‌.

ده‌روازه‌ی سنووری باشماخ یه‌ک له‌ سێ ده‌روازه‌ فه‌رمییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌که‌ی نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستانه‌ که‌ له‌ کۆی 108 گومرگی کارای ناردنکاری وڵاتی ئێران له‌ ماوه‌ی 8 مانگی یه‌که‌می ساڵی 97دا پله‌ی 16هه‌می به‌خۆوه‌ بینیوه‌ و یه‌کێکه‌ له‌ خاڵه‌ گومرگییه‌ هه‌ره‌  گرنگه‌کان بۆ هاورده‌کردن و ناردنکاری.


PM:06:42:06/12/2018




ئه‌م بابه‌ته 95 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌