ئه‌حمه‌د كه‌لاری: هاورده‌كردنی كاڵاو شتومه‌ك له‌ مه‌رزی په‌روێزخان له‌سه‌دا ٢٠ زیادی كردوه‌


ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی كارگێری ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت ''له‌ئێستادا ڕه‌وشی بازرگانی له‌ سنوری ئیداره‌ی گه‌رمیان و مه‌رزی په‌روێزخان به‌شێوه‌یه‌كی ئارام به‌رێوه‌ده‌چێت، هاورده‌كردنی كاڵا و شتومه‌كیش به‌راورد به‌ مانگی ڕابردوو زیادی كردوه‌''.

ئه‌حمه‌د كه‌لاری، نوێنه‌ری بازرگانی گه‌رمیان و ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كارگێری ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی رایگه‌یاند ''هاورده‌كردنی كاڵاو شتومه‌ك له‌ مه‌رزی په‌روێزخانه‌وه‌ له‌سه‌دا ٢٠ زیادی كردوه‌ و ئاڵوگۆری بازرگانیش به‌شێوه‌یه‌كی ئارام به‌رێوه‌ده‌چێت، له‌ئێستاشدا رۆشتنی نه‌وتی ره‌ش كراوه‌ته‌وه‌ رۆژانه‌ نزیكه‌ی ١٠٠ ته‌نكه‌ر ده‌چێته‌ ئێرانه‌وه‌''.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد له‌ ڕابردوودا كۆمه‌ڵێك كێشه‌ له‌ مه‌رزه‌كه‌دا هه‌بوو ئێمه‌ به‌ دانیشتن و گفتوگۆ كردن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران توانیمان ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین، بریاریشه‌ له‌م رۆژانه‌دا شاندێكی فه‌رمی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی و نوێنه‌ری شۆفێرانی مه‌رزی په‌روێزخان سه‌ردانی پارێزگای كرماشان بكه‌ین كه‌ به‌ فه‌رمی بانگێشت كراوین، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ ئاماژه‌ بكه‌ین به‌و خاڵانه‌ی كه‌ بۆته‌ مایه‌ی گرفت بۆ شۆفێران و بازرگانان.


PM:02:38:06/12/2018




ئه‌م بابه‌ته 48 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌